
کەمیی و نەبوون بە ڕادەی پێویستی کەرەستەگەلی پزیشکی و دەرمان لە ئێران بە ڕادەیەکە کە خودی بەرپرسانی ڕیژیمیش چیدیکە ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن و بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ سەر تەندروستیی خەڵک، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا.
سەجاد ڕەزەوی، جێگری بەشی دەرمانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردان، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا ڕایگەیاندووە، لە ئیستادا پێنج هەزار ئامبوڵانس پێویستە بەڵام تەنیا بوودجەی هەزار ئامبوڵانس لەبەر دەستدایە.
ناوبراو کە سەردانی پارێزگای ئیلامی کردووە لە پێوەندیی لەگەڵ نەبوونی پێداویستییە پزیشکی و دەرمانییەکان لە ناوچەکانی ئەم پارێزگایەدا، ئاماژەی بە نەبوونی کادری پزیشکی لە ناوەندە پزیشکییەکانی ئەم پارێزگا و هەروەها نەبوونی کەرەستەی پێویستی دەرمانیی کردووە.
نموونەی ئەم قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم هەر جارە لە سەردانەکانیان بۆ پارێزگاکان لە ئێران کەم نییە، بەڵام ئەوەی کە دیارە ئەم سەردانانە تاکوو ئێستا نەیتوانیوە هیچ یەک لە کێشە سەرەکییەکان چارەسەر بکات و زۆربەی کاتەکانیش گرفتەکان بۆ بابەتی بوودجە و نەبوونی پارە گەڕێندراونەتەوە.
باسکردن لە نەبوونی پارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە دەرمانی و پزیشکییەکان لەکاتێکدایە کە ڕێژیم ساڵانە میلیاردها دۆلار خەرجی بەرنامە مووشەکی و سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.
پێویستی بە پێنج هەزار ئامبوڵانس تەنیا بەشێکە لە پێداویستییەکان کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە فریاکەوتنی گیانی خەڵکەوە هەیە.
بە چاولێکردنێکی بوودجەی هێزە سەربازییەکان و وەزارەتی تەندروستی لە کۆماری ئیسلامیدا و بەراوردکردنی زیادبوونی ڕێژەی بوودجەکانیان لە هەر ساڵدا، دەردەکەوێت کە تەندروستی و گیانی خەڵک لە لای ئەم ڕیژیمە هیچکات وەک بابەتێکی گرینگ و سەرەکی نەهاتووەتە ئەژمار.
بەردەوامیی ئەم ڕەوتە دەتوانێت لێکەوتەگەلی جیددی و مەترسیدار بۆ سەر تەندروستیی گشتی لە ئێراندا دروست بکات.