کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ بۆ ١٢١ هەزار کەس لە دێهلۆڕان

14:14 - 14 بانەمەڕ 2725

نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ لە ناوچە پەراوێزخراوەکان بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ خەڵکی ئەم ناوچانە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دەرمانگای "تەئمین ئیجتماعی"ـی دێهلۆڕان کە زیاتر لە ١٢١ هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە بۆ کاروباری دەرمان و تەندروستی ڕووی تێ دەکەن، تاکوو ئێستا پزیشکی پسپۆڕی بۆ دیاری نەکراوە.

ئیرنا، لە سەردانی ئەسەدوڵڵا چراغی، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم، بۆ ئەم دەرمانگایە ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و باسی لە نەبوونی ئیمکانات لەم نەخۆشخانەیە کردووە.

ڕاپۆرتەکە لە زاری ئەم بەرپرسەی ڕێژیمەوە هێناویەتی کە نەخۆشخانەکە ١٧ پزیشکی پسپۆڕی پێویستە تاکوو بتوانێت خزمەتگوازای بداتە خەڵک، بەڵام نەبوونی ئەم ڕادەیە لە پزیشکانی پسپۆڕ و هەروەها نەبوونی ئیمکاناتی وەک کەرەستەی "سی تی ئێسکەن"، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک ناچار بن بۆ دەرمان و کاروباری پێویستی تەندروستی، بچنە شار و پارێزگاکانی دیکە.

جیا لە گرینگینەدانی ڕێژیم بە تەندروستیی خەڵک لە ناوچە پەراوێزخراوەکان و پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی دەرمان لەم ناوچانە، چوونەدەرەوەی پزیشکان لە ئێران و بەجێهێشتنی زێدی خۆیان بەهۆی دابیننەکردنی مافەکانیان، یەکێکی دیکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی کەمبوون و نەبوونی پزیشکانی پسپۆڕ لە ئێران، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکانە.

شەهرام یەزدانی، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیکیی پەروەردەی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا بۆ هەر ١٠ هەزار کەس تەنیا ٥ پزیشکی پسپۆڕ هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی پێوەرەکانی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی "WHO"، لانیکەم ٢٣ پزیشکی پسپۆڕ بۆ هەر ١٠ هەزار کەس پێویستە.

ئەم ڕێژەیە بەپێی پێکهاتەی سیستمی تەندروستیی وڵاتان ئەگەری هەیە بەرزتر ببێتەوە بەڵام ٢٣ کەس خوارترین ئاستێکە کە بۆ ستانداردبوونی ئەم ڕادەیە لەلایەن ئەم ڕێکخراوەیەوە دیاری کراوە.