
ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران کرێکارانی ئێرانی بە "قوربانیی سەرکوتی دڕندانە و بارودۆخی کاری کوشندە وەسف کردووە و ڕایگەیاند کە ١٩ چالاکی کرێکاری لە ئێستادا لە زینداندان و هەروەها یەکێک لە ژنە چالاکانی کرێکاری بە ناوی شەریفە محەممەدی ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان بووەتەوە.
ڕاپۆرتی وردی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ بانەمەڕ لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بڵاو کراوەتەوە، هەروەها باس لەوە کراوە کە زیاتر لە دوو هەزار کرێکار لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە هۆی بارودۆخی نائارامی کارکردنەوە گیانیان لەدەست داوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکدا هاتووە کە کە ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە نەبوونی چاودێریی کاریگەر، جێبەجێکردنی ناتەواوی یاساکانی کار و گرینگنەبوونی ژیانی مرۆڤ لە شوێنی کاردا، قەیرانێکی مرۆیی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کرێکاری، حکوومەتەکان و سەندیکا نێودەوڵەتییەکان کردووە کە گرینگی بە دۆخی ترسناک و نیگەرانکەری کرێکارانی ئێرانی بدەن.
بەهار قەندەهاری، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە لەم پێوەندییەدا دەڵێت، کرێکارانی ئێران وەک کرێکاری هەرزان و جێگرەوە لەلایەن حکوومەتەوە سەرکوت دەکرێن، لە کاتێکدا سەرکردەکانیان ڕووبەڕووی لێدان، ئازار و ئەزیت دەبنەوە و زیندانی دەکرێن.
هەروەها چەندین ڕێکخراوی کرێکاریی ئێران لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا بەرامبەر بەردەوامیی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دامەزراوە سەربەخۆکانی کرێکاری و چالاکوانان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لە لایەکی دیکەوە باس لە دۆخی کرێکاران لە ئێراندا کراوە کە حەقدەستی کرێکاران لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە و بە تێپەڕبوونی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە زیاتر لە ٤٠٪، حەقدەستی کرێکاران بەشی ژیانی ڕۆژانەشیان ناکات.
نەدانی حەقدەست و دواکەوتنی درێژخایەن کێشەیەکی سەرەکیی دیکەی ژیانی کرێکارانە. لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە کرێکاران لە بیمە و خانەنشینی و یاساکانی کار بێبەشن.
هەروەها نزیکەی ٩٠٪ کرێکاران بە گرێبەستی کاتی دامەزراون، ئەمەش وایان لێدەکات لە دۆخێکی ناسەقامگیر و نائەمنیدا کار بکەن.
لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای قەدەغەکردنی یاسایی کار بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ، بەڵام بە میلیۆنان منداڵ لە پیشەسازیی ڕستن و پارچە، کشتوکاڵ، بیناسازی و کۆکردنەوەی زبڵ و کاری سەر شەقامەکان بەردەوامن.
هەروەها ژنان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بواری دامەزراندن و مووچە و ئاسایشی کار لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە.