کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بۆ پێکهێنانی کۆمیتەی کوردان لە سلێمانی

20:37 - 14 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بۆ پێکهێنانی کۆمیتەی کوردان بە بەشداریی چەند حیزب و لایەنی سیاسی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کاک محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگیڕیی حیزبی دێموکرات بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.

ئەم حیزب و لایەنە سیاسییانەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون، بریتی بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرا ن،پارتی یەکێتی دیموکرات، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی یەکسانی و دێموکراتی گەلان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران .

لەم کۆبوونەوەیەدا بە تێکڕا بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیتەی کوردی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بە ئامادەبوونی هاوڕێیانی ئەم ڕێکخراوە درا کە بریتی بوون لە:

ـ شانتاڵ کامبیوا: ڕێکخەری جیهانیی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست،

ـ ئیرۆ هاینالۆوما: بەرپرسی کۆمیتەی سیفاک،

ـ پاولینا لامپس: بەرپرسی کۆمیتەی ئێتیک،

ـ هانا جەلول: ئەندام پەرلەمانی ئورووپا- جێگری بەرپرسی پەیوەنییەکانی دەرەوەی ئورووپا.

لە کۆبونەوەکەدا حیزبە کوردستانییەکان بە کۆدەنگی جەختیان لە ڕاپەڕاندنی کاری پێویست بۆ پاراستنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد و پەرەپێدان بە پرۆسەی ئاشتی و دێموکراسی و یەکسانی و پارێزگاریکردن لە یەک وتاریی نەتەوەی کورد لە ناو چوارچێوە و کار و پرەنسیپی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست کردەوە.

هاوکات بڕیار بۆ برەودان بە مافە سیاسییەکانی گەل و نەتەوەکەمان درا.

لە بەشیکی کۆبوونەوەکەدا بە تێروتەسەلی لەسەر ڕێنماییەکانی شێوازی کارکردنی کۆمیتەی کوردی گفتوگۆ کرا و بە تێکڕا بابەتەکە پەسەند کرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بۆ دەستنیشانکردنی شوێن و کاتی گونجاو بۆ بەستنی کۆنفرانسی کۆمیتەی کوردی بە زووترین کات کاری جیددی بکرێت.