
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ جارێکی دیکە دووپاتی کردووەتەوە کە تەنیا بە لابردنی تەواوەتیی بەرنامە ناوکییەکانی تاران ڕازی دەبێت.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئێن بی سی" وێڕای جەختکردنەوە لە سەر لابردنی بەرنامە ناوکییەکانی تاران بەگشتی ڕایگەیاند کە لە ئێستادا باسێکی دیکەش هاتووەتە ئاراوە، ئەویش ئەویە کە ڕێگە بە ئێران بدرێت کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەرنامەی ناوکیی هەبێت.
ترامپ دواتر پشتڕاستی کردووەتەوە کە شتێکی ناتەبای لەگەڵ قسەکانی پێشتری دەوڵەتی ئەمریکا نەوتووە و لە سەر لابردنی بەرنامە ناوکییەکانی تاران پێداگرە.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت لە ڕێگەی بەرنامەی ناوکییەوە کارەبا بەرهەم بهێنێت، دەتوانێت ئورانیۆمی پیتێندراو هاوردە بکات نەک خۆی لەنێو ئێراندا پیتاندن بکات.
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری ئەمریکا لەکاتێکدایە کە خولی نوێی وتووێژەکانی تاران و واشینگتۆن کە بڕیار بوو شەممەی ڕابردوو بەڕێوە بچێت، خرایە کاتێکی دواتر.
ئێران و ئەمریکا لە یەک مانگی ڕابردوودا سێ جار دانیشتنیان هەبووە و بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی دوو لایەن، وتووێژەکان تاکوو ئێستا بە باشی چووەتە پێش.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسی تیمی وتووێژەکانی تاران، ڕایگەیاندووە کە لە سەر پیتاندنی ئورانیۆم وتووێژ ناکەن و تاران مافی خۆیەتی کە ئورانیۆمی پیتێندراوی پێویست بۆ بەرنامە ئاشتیخوازانەکەی، بەرهەم بهێنێت.
دەوڵەتی ئەمریکا داوا دەکات کە تاران بە هەموو شێوەیەک بەرنامە ناوکییەکانی وەلا بنێت و بە هیچ شێوازێک لەنێو خۆی ئێراندا ئورانیۆمی پیتێندراو بەرهەم نەهێنێت.