
وەزارەتی بەرگریی بریتانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا عەمەلیاتێکی نیزامیی هاوبەشیان لە یەمەن لە دژی ناوەندێکی نیزامیی حوسییەکان کە بۆ بەرهەمهێنانی دڕۆن کەڵکی لێ وەردەگیرا ئەنجام دا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی بریتانیادا هاتووە، بەپێی لیکۆڵینەوە هەواڵگرییەکان، کۆمەڵێک بینا لە مەودای ٢٤ کیلۆمیتری لە باشووری شاری سەنعای پێیتەختی یەمەن دەستنیشان کراون، کە حوسییەکان بۆ بەرهەمهێنانی دڕۆن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بەکاری دەهێنن.
دۆناڵد ترامپ، لە مانگی مارسی ڕابردوودا فەرمانی زیادکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکای لە یەمەن دەرکرد و دەوڵەتەکەی ڕایگەیاند، عەمەلیاتەکان دژی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تا ئەو کاتەی کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور دەهێنن، بەردەوام دەبێت.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ''سێنتکام'' لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''لە سەرەتای دەستپێکردنی عەمەلیاتی ''ڕاف ڕایدێر''، لە سەرەتای مانگی مارسەوە، سێنتکام زیاتر لە ٨٠٠ پێگەی نیزامیی حوسییەکانی کردووەتە ئامانج.''
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەو عەمەلیاتانەدا کە زیاتر بە بۆردومانی ئاسمانی ئەنجام دراون، سەدان میلیشیای حوسی و ژمارەیەک لە فەرماندەکان لەوانە بەرپرسانی باڵای مووشەکی و دڕۆنەکانی ئەو گرووپە کوژراون".