کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو وادەی تۆڵەکردنەوەی لە ئێران و حووسییەکانی یەمەن دا

12:19 - 15 بانەمەڕ 2725

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کاردانەوە بە هێڕشی مووشەکیی حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

نێتانیاهوو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ،  لە کاردانەوە بە هێڕشی حووسییەکانی یەمەن، گرتە ڤیدیۆیەکی لە هەژماری ئیکسی خۆیدا بڵاو کردەوە و وتی: "هێرشی حووسییەکان لەلایەن ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئێمە لە کات و شوێنی خۆیدا وڵامی سەرکردە تێرۆریستەکانی ئەم گرووپە لە ئێران، دەدەینەوە".

ناوبراو پێش بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا، ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە هێڕشەکانی بۆ سەر حووسییەکان دەست پێ دەکاتەوە.

ئیسرائیل ماوەی چەند حەفتە بوو کە بە پێشنیاری ئەمریکا، هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن ڕاگرتبوو.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکە لە گرتە ڤیدیۆکەیدا بە ئاماژەدان بە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد دەڵێت: "ئێمە حکوومەتی بەشارمان ڕووخاند و حیزبوڵڵای لوبنانمان لە سەر ڕێ لابرد".

بێنیامین نێتانیاهوو لە پێوەندیی لەگەڵ حەماس، یەکێکی دیکە لە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ڕایگەیاندووە، دانیشتنی داهاتووی کابینەی ئەمنییەتیی ئیسرائیل لە سەر قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکە لە غەززەدا دەبێت و جەختیشی کردەوە کە گوشاری سەربازی کاریگەریی هەیە و ئەم گوشارە لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ئازادکرانی بارمتەکان و شکستی کۆتایی حەماس.