
له کاتێکدا که ئاگربه‌سی ٦٠ ڕۆژه‌ی نێوان ئیسرائیل حه‌ماس درێژ نه‌کرایه‌وه و هه‌ردوو لایه‌ن یه‌کتر به پێشێلکردنی ئاگربه‌س تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، کابینه‌ی ئه‌منییه‌تیی ئیسرائیل له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌ی په‌ره‌پێدانی هێدییانه‌ی هێرشی نیزامی بۆ سه‌ر غه‌ززه ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی و ئه‌رته‌شی ئه‌و وڵاته له داهاتوویه‌کی نزیکدا هێرشه‌کانی خۆی ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی چه‌ند هه‌واڵده‌رییه‌ک په‌سه‌ندکردنی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه ڕه‌نگه هه‌تا سه‌فه‌ری دۆناڵد ترامپ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست له کۆتایی ئه‌م مانگه‌دا وه‌دوا بخرێت، به‌ڵام ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌رته‌رشی ئیسرائیله‌وه ده‌چێته بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرتانه، کابینه‌ی ئه‌منییه‌تیی ئیسرائیل هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌مه‌ڕ هه‌نارده‌کردنی پێداویستییه پێویسته‌کان بۆ خه‌ڵکی غه‌ززه له‌لایه‌ن ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و شیرکه‌ته تایبه‌تییه‌کانه‌وه دەر‌بڕیوه، به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ند و شیرکه‌تانه ڕایانگه‌یاندووه که له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌شداری ناکه‌ن.
ئه‌رته‌شی ئیسرائیل به مه‌به‌ستی ئاماده‌کاریی ئه‌و هێرشه بانگه‌وازی په‌یوه‌ستوونی هێزی پاشه‌که‌وتی خۆی به ئه‌رته‌شی ئه‌و وڵاته‌وه بڵاو کردووه‌ته‌وه و له‌و بانگه‌وازه‌دا ئاماژه به‌وه کراوه که مه‌به‌ست له‌و هێرشه گوشار خستنه‌سه‌ر حه‌ماسه بۆ ئازادیی ته‌واوی بارمته‌کانی ئیسرائیل له‌ده‌ست ئه‌و گرووپه.
به‌و شێوه‌یه که ئه‌رته‌شی ئیسرائیل له دووتوێی ئه‌و گه‌ڵاڵه نوێیه‌دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه، بڕیاره بازنه‌ی ئه‌و عه‌مه‌ڵیاته زۆر به‌رفراوانتر له جاران بێت و ته‌واوی بنکه ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌وییه‌کانی ئه‌و گرووپه له‌نێو ببرێن.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک له به‌رپرسانی باڵای ئیسرائیل باسیان له‌وه کردووه که نێتانیاهوو له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارمته‌کان و دژبه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌که‌یه‌وه به‌وه تاوانبار کراوه که دانوستانه‌کانی له‌گه‌ڵ حه‌ماسی به ئه‌نقه‌ست تێک داوه هه‌تا به ئامانجه سیاسییه‌کانی خۆی بگات و سه‌رۆکوه‌زیرانی ئیسرائیل ئه‌و ئیددیعایه‌ی ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌کان له ئێستادا حه‌ماس ٥٩ بارمته‌ی ئیسرائیلی له‌به‌رده‌ستدایه و زیندووبوونی ٢٤ که‌سیان پشتڕاست کراوه‌ته‌وه.
شایانی باسه له سه‌ره‌تای دووباره ده‌ستپێکرنه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس و پێشێلکردنی ئاگربه‌سته‌وه، هیچ بارمته‌یه‌ک ئازاد نه‌کراوه.
هه‌روه‌ها حووسییه‌کانی یه‌مه‌ن هێرشی مووشه‌کیی بۆسه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی بێن گۆریۆن له ڕۆژی شه‌ممه ١٤ی بانه‌مه‌ڕیان بۆ په‌سه‌ندکردنی ئه‌و گه‌ڵاڵه نوێیه و هێرشی دووباره‌ی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
گرووپی حووسییه‌کانی یه‌مه‌ن له دوای ئه‌و هێرشه‌یاندا ڕایانگه‌یاندووه به مه‌به‌ستی به‌ستنی ئاسمانی ئیسرائیل له سه‌ر فڕۆکه مسافربه‌رییه‌کان، له هێرشی دووباره‌ی خۆیان بۆ سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌کانی ئیسرائیل به‌رده‌وامن.