کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمنارێکی زانستی لە زانکۆی کۆیە لەژێر ناوی دیداری قوبادی جەلیزادە

01:28 - 16 بانەمەڕ 2725

بەڕێوەچوونی سیمنارێکی زانستی لە زانکۆی کۆیە لەژێر ناوی دیداری قوبادی جەلیزادە

سەنتەری مەلای گەورە لە ڕاگرایەتیی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانکۆی کۆیە سیمینارێکی زانستیی لەژێر ناوی "دیداری قوبادی جەلیزادە" بەڕێوە برد. بۆ ئەو سیمینارە کە ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بانەمەڕ بەڕێوە چوو، لەسەر بانگهێشتی لێژنەی بەڕێوەبەریی سیمینار هەیئەتێک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە بەشدار بوون.

لەو سمینارەدا کە لە دوو پانێل و چالاکییەکی هونەریدا بەڕێوە چوو، کۆمەڵێک باسی زانستی لەسەر ڕەهەند و لایەنە جۆراوجۆرەکانی شێعریی قوباد جەلیزادە پێشکێش کران. لە پانێلی یەکەمدا د. عوسمان دەشتی بابەتێکی پێشکێش کرد لەژێر ناوی "پارێزبەندیی  نیشتمان لە دەقێکی شێعریی قوبادی جەلیزادەدا". "وردە خوێندنەوەیەک بۆ داگیرکەریی قوباد"، "شیکاریی هێماگەریی تیولۆژی لە شێعرەکانی قوباد جەلیزادەدا" و "بەراوردکردنی هایکۆکانی قوباد جەلیزادە و سامح دەروێش" سێ بابەتی زانستیی دیکە بوون کە بە ڕیز لەلایەن د. ڕێبوار سوێلی، د. فەرهاد عەزیز و د. کۆیان ئیسماعیل"ەوە لە پانێلی یەکەمدا پێشکێش کران.

لە پانێلی دووهەمی سیمینارەکەدا د. سامان حوسێن بابەتەکەی لەژێر ناوی "گێڕانەوەی واقعی مێژوویی لە دەقەکانی قوبادی جەلیزادە" و مامۆستا عەبدولخالق یەعقووبی توێژینەوەکەی لەژێر ناوی "کورد وەک نەتەوەیەکی تڕاژیک لە شێعری (بەم نیزیکانە)ی قوبادی جەلیزادەدا" پێشکێش کرد. "ئازادی لە بەردەم دادگای نەریتدا" و "ڕۆڵی ڕەوانبێژی لە بەرهەمەکانی قوبادی جەلیزادە و لۆڕد بایرۆن" دوو توێژینەوەی زانستیی دیکە لەسەر شێعرەکانی قوباد جەلیزادە بوون کە لەلایەن د. مەهاباد ئازاد و د. ئۆمید باپیرەوە پێشکێش کران.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم دیدارەدا شاعیر (قوباد جەلیزادە) چەند دەقێکی شێعریی خۆی خوێندەوە و بەشی کۆڕاڵی ماڵی ئیستاتیک چەند بڕگەیەکی هونەریی ئاوازی کوردییان پێشکێش بە ئامادەبووان کرد.