
بەپێی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، هەناردەی مێتانۆلی ئێران بۆ چین کە تا ئێستا لەلایەن واشنگتۆنەوە سەرنجی پێ نەدرابوو"، ڕەنگە دوای هەڕەشەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر کڕیارانی نەوتی ئێران، ڕووبەڕووی چاوەدێری و لێکۆڵینەوە ببێتەوە.
ئەو ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە داتاکانی کەپلێر، باس لەوە دەکات کە نزیکەی ٤٠ لەسەدی هاوردەی مێتانۆلی چین لە ساڵی ڕابردوودا کە هاوتایە لەگەڵ نزیکەی ٥.٢ میلیۆن تۆن، لە ئێرانەوە هاتووە.
مێتانۆل، پێکهاتەیەکی شیمیاییە کە لە گازی سروشتی وەرگیراوە، وەکوو سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆلیفین بەکار دەهێنرێت.
دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە ئێستادا بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها پشتیوانییەکانی ئەم ڕێژیمە لە میلیشیاکانی، سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنەی گرتووەتە بەر.
بەپێی ئەم سیاسەتە، توندترین گەمارۆکان بەتایبەتی بۆ پێشگرتن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە لە ئارادایە.