کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگاکانی مەرگ لە کوردستان؛ هەڵاواردنی سیستماتیکی ڕێژیم لە کوردستان و کایەکردن بە ژیانی خەڵک

12:04 - 16 بانەمەڕ 2725

پشکێنەری گشتیی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە بەپێی توێژینەوەکان، زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ڕێگاکانی پارێزگا، پێویستیان بە چاکسازییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ، عیسا هەواسی بە ئامادەبوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە، بە ئاماژەدان بە توێژینەوەکان لەسەر ڕێگاکانی ئەم پارێزگایە، ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٦٠ لە سەدی ڕێگاکانی ئەم پارێزگایە پێویستیان بە چاکسازییە.

بە واتایەکی دیکە زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ڕێگاکانی پارێزگای سنە بۆ هاتوچۆکردنی خەڵک ئەمنییەتییان نییە و هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم پارێزگایەدان.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە دۆخی ڕێگاوبانەکان لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستان، هیچ لە پارێزگای سنە باشتر نییە و ساڵانە بەهۆی خراپبوونی ڕێگاکانەوە هەزاران هاووڵاتیی کورد دەبنە قوربانی یان بۆ هەتاهەتایە تووشی کەموکۆڕی لە ئەندامەکانی جەستەیان دەبن.

دۆخی خراپی ڕێگاوبان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکە کە ڕۆژانە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە بەهۆی تێپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانە یان خوێندنەوە ناچارن مەودایەکی تا ڕادەیەک درێژ لە نێو ئەم ڕێگا مەترسیدارانە ببڕن و گیانیان بخەنە ژێر مەترسیی ڕووداوەکانی هاتوچۆوەوە.

ئەم دۆخە کارەساتبارە لەکاتێکدایە کە ژێرخانی ڕێگاوبانەکان لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە دوورە لە ستانداردە جیهانییەکان بەڵام زۆر جیاوازتر لە کوردستانە و ساڵانە بوودجەی پێویستیان بۆ تەرخان دەکرێت، لەکاتێکدا تاکوو ئێستاش بەشێکی زۆر لە ڕێگاکانی کوردستان بەتایبەتی ڕێگای هاتوچۆ بۆ گوندەکان، قیرەتاو نەکراون.

 

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سنە، نەورۆزی ئەمساڵ قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەم پارێزگایەدا ٣٠ لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

ڕێگا ناستانداردەکانی وەک ڕێگای سەقزـ بانە، سەقز ـ بۆکان، سەقزـ دیواندەرە و سنە بۆ بیجاڕ و دیواندەرە، زیاترین ڕووداوەکانی هاتوچۆی لەم پارێزگایەدا گرتووەتە خۆی.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دۆخی ڕێگاوبانەکان بەتایبەتی ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو سەقز دەچن زۆر نالەبارە، بە شێوەیەک کە ڕۆژانە چەند ڕووداوی هاتوچۆ لەم ڕێگایانە ڕوو ئەدات و کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەم ناوچانە دەبنە قوربانی یان بە توندی بریندار دەبن.