
ناوەندە ئەمییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بۆ چاودێریکردن بەسەر خەڵکدا، ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانیان لە شاری پیرانشار زیاتر کردووەتەوە و بەو مەبەستە لەو شارە دانانی کامێرای چاوەدێرییان لە شەقام و کۆڵانەکان زیاتر کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە میدانە سەرەکییەکان، شەقام و گەڕەک و کۆڵانەکانی نێو شاری پیرانشار چەندین کۆڵەکەی کامێرای چاوەدێرییان چەقاندووە و بەو شێوە دەیانهەوێت کۆنترۆڵ و چاودێرییەکی زیاتریان بەسەر جموجۆڵی خەڵکدا هەبێت.
سەرچاوە خۆجییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم لە ترسی چالاکی و ناڕەزایەتی و بەڕێوەچوونی هێندێک بۆنەی نیشتمانی، کامێرای چاوەدێری داناوە تاکوو چاودێرییەکی زیاتری بەسەر جموجۆڵی خەڵکدا هەبێت.
جێگەی ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی دیکەی کورستان لەوانە سنە، مەهاباد و بۆکان لە ڕێگەی زیادکردنی کامێراکانی چاوەدێری و ڕێوشوێنی دیکە، چاوەدێری و کۆنترۆڵی زیاتریان بەسەر خەڵکی ناڕازیدا گرتووە بەر.