کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومکرانی دوو مامۆستای سوننە مەزهەب بە بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی

13:06 - 16 بانەمەڕ 2725

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مامۆستا دوکتور سەلام مەحموودیان پێشنوێژی هەینیی گوندی "بێورانی خوارێ" و مامۆستا حەسەن خزری، پێشنوێژی گوندی "بێورانی سەرێ" سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێوە هەرکامیان بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کران.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ بەڕێوە چوو و بڕیاری دادگای سەرەتاییان پێ ڕاگەیەندرا.

ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا پشتیوانییان لە خەڵک کرد، چەند جار بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ کران.

ئەم دوو مامۆستا سوننە مەزهەبە، لە درێژەی شۆڕشی ژینادا و بە هۆی پشتیوانی لە خەڵک، ناڕازییان، برینداران و بنەماڵەی شەهیدان چەندین جار بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سەردەشت کران و پاش ئەوەی کە هەڕەشەیان لێ کرا و گوشاریان خرایە سەر، لەگەڵ دۆسییەسازیی ئەمنییەتی – دادوەری لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ بەرەوڕوو بوونەوە.

ئەم دوو مامۆستایە چەندین جار لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.