کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی ئینتێرنێت بۆ جارێکی دیکە لە ئێران گران بوو

10:48 - 17 بانەمەڕ 2725

لەگەڵ گرانبوونی ئینتێرنێت لە ئێران، نرخی هەر گیگابایتێک لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی چوار بەرابەر زیادی کردووە.

میدیاکانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، ڕایانگەیاند کە نرخی بەستەی ئینتێرنێتی درێژخایەن لە ئۆپێراتۆرەکانی مۆبایلەوە دەریدەخات کە نرخی هەر گیگابایتێکی ئینتێرنێتی مۆبایل بە باجی بەهای زیادکراویشەوە گەیشتووەتە ٧هەزار و ٧٠٠ تەمەن.

لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ نرخی هەر گیگابایتێکی ئینتێرنێت نزیکەی دوو هەزار تمەن بوو. بەڵام ئێستا نرخی هەر گیگابایتێک بە بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر نزیکەی چوار هێندە زیادی کردووە.

لە ئێراندا فیلتێرکردن بە هۆکاری سەرەکیی کەمکردنەوەی کوالێتی و زیادکردنی تێچووی بەڕێوەبەران دادەنرێت. هەروەها نەبوونی ڕوونکاری لە دانانی نرخ و قۆرخکاری لە هاوردەکردنی ترافیکی ئینتێرنێتدا لە کێشە سەرەکییەکانن.

بەرزکردنەوەی نرخی ئینتێرنێت بەبێ باشترکردنی کوالێتی هەمیشە ناڕەزایەتیی بەکارهێنەرانی ئێرانی لێکەوتووەتەوە. زیادبوونی تێچووی ئینتێرنێت لە دۆخێکدایە کە هەڵاوسان و گرانیی نرخەکان بەربڵاوە و فیلتێر و سانسۆری بەردەوام ئینتێرنێت لە ئێراندا سنووردار دەکاتەوە و ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی ئازادی خەڵک بە زانیاری دەکات.