کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو سەبارەت بە دوایین هێرشەکانی بۆ سەر حوسییەکان هۆشداری بە ئێران دەدات

11:58 - 17 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ دوای دووهەمین هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی حوسییەکان، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئامادەبوون لە ناوەندی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە هۆشدارییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دا.

نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گوریۆن، وتی: زۆر جار وتوومە، هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەرپرسیار دەبێت لە خوێنی خۆی و ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک بەڵێنم دابوو، وڵامدانەوەمان چەندین زەربە و لێدانی قورس لەخۆ دەگرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردنی ئامانج و کاتی هێرشەکان تەنها بۆ سزادانی حوسییەکان نییە، بەڵکوو بۆ گەیاندنی پەیامێکی ڕوونە بۆ ئێران، بە وتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حوسییەکان بەبێ ڕەزامەندی و پشتیوانیی درێژخایەنی ئێران ناتوانن ئەم هێرشە مووشەکییانە لە دژی ئێمە ئەنجام بدەن.

لە لایەکی دیکەوە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا فڕۆکەخانەی سەنعا کراوەتە ئامانج و وێران کراوە. کاتز دەڵێت: هەر کەسێک لێمان بدات، حەوت هێندە لێی دەدرێتەوە.

هەروەها ڕاستەوخۆ ڕووی قسەی لە ئێران بوو و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە پەیام و هۆشدارییەکی ڕوون بۆ ئێران بوو، چونکە ئێوە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە هەر هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و دەبێ بە تەواوی باجەکەی بدەن.