
کۆمەڵێک لە نانەواکانی شاری کرماشان ڕۆژی سێشەممە لە بەردەم نووسینگەی یەکیەتیی سێنفی نانەواخانەکانی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانیان بوون.
نانەواکان ڕەخنەیان لە بارودۆخی سەختی کارکردن گرت و ڕایگەیاند کە تێچووی زۆری کەرەستەی خاو و ناسەقامگیریی ئابووری وای کردووە گوشارێکی زۆریان بێتە سەر.
نانەواکانی کرماشان دەڵێن هەموو ساڵێک لە سەرەتای ساڵدا شایەتی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا دەبین، بەڵام نرخی نان ناتوانێ قەرەبووی تێچووەکانی ژیانیان بکاتەوە.
نانەواکان دەڵێن زیادکردنی مووچە لە سەرەتای ساڵدا جێبەجێ دەکرێت و ناچار دەبین مووچەی کرێکاران زیاد بکەین، بەڵام داهاتی ئێمە وەک ساڵی ڕابردووە.
بە وتەی ناڕازییان، ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ئەمساڵ پارەی بیمەی نانەواکانی لە یەک میلیۆن و نیو بۆ سێ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بۆ هەر کەسێک زیاد کردووە.
نانەواکانی کرماشان دەڵێن، بەرزبوونەوەی کرێی شوێن، پێداویستییەکانی دروستکردنی نان و کەرەستەی ئامێری نانەواخانە لە گرینگترین کێشەکانی نانەواکانی کرماشانن، کە بووەتە هۆی ئەوەیکە داهاتیان لەگەڵ ماندووبوون لە ڕێژە دەرچووبێت.
کرماشان هەزار و ٥٠ نانەواخانەی بە پشکی ئاردی دەوڵەتی و نزیکەی ٣٠ نانەواخانەی ئازادی هەیە و هەر نانەواخانەیەک بە شێوەی نێونجی نزیکەی سێ کەس کاری تێدا دەکەن.