کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشمیر بۆ جارێکی دیکە بوو بە گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان هێند و پاکستان

12:05 - 17 بانەمەڕ 2725

دوو وڵاتی هێند و پاکستان پاش چەند ڕۆژ هەڕەشەکردن، لە ناوچەکانی کشمیری هەر دوو وڵات، هێرشی سەربازییان کردە سەر یەکتر.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ١٧ی بانەمەڕ، بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند کە ئەرتەشی هێند بە کۆمەڵێک چەکوچۆڵی جیاواز دەستی بە هێرش بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە کشمیری سەر بەم وڵاتە کردووە.

خاجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە هێرشەکەی هێند بۆ سەر هیچ شوێنێکی سەربازی نەبووە و هیچ بنکەیەکی تێرۆریستانیش لەو ناوچانەدا بوونی نەبووە کە مووشەکباران کراوە.

وتەبێژی ئەرتەشی پاکستان ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی هێرشەکانی هێند بۆ ناوچەی کشمیر و ویلایەتی پەنجاب، ٢٦ کەس کوژراون و ٤٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

کشمیر ناوچەیەکی بەرینی کوێستانییە کە بەشە سەرەکییەکانی لە نێوان دوو وڵاتی هێند و پاکستان دابەش کراوە.

دوو وڵات پاش سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٤٧ی زایینییەوە تاکوو ئێستا سێ جار لە سەر ئەم ناوچەیە شەڕیان کردووە.

ئەرتەشی پاکستان لە یەکەمین کاردانەوەدا، دەستی بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان لە کشمیر کردووە.

هاوکات ئەرتەشی هێند ڕایگەیاندووە کە وڵامی پێویست بەم تۆپبارانە ئەداتەوە.

گرژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، پاش لە هێڕشی تێرۆریستی بۆ سەر ناوچەی کشمیری هێند و کوژرانی ٢٦ گەشتیار لە "پەهالگام" بوو کە ڕێکەوتی ٢ی باناەمەڕلەلایەن گرووپێک بە ناوی "بەرەی بەرگری" ناسراو بە "تی ئار ئێف"، ئەنجام بوو.

نیوودێلهی، ئیسلام ئابادی بە پشتیوانیکردن لەم گرووپە تێرۆریستییە بۆ هێرشەکەی مانگی ڕابردوو تۆمەتبار کردووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر هەر چەشنە پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم هێرشە تێرۆریستییەدا ڕەت کردووەتەوە.

 

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشەکانی هێند، کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتان و هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان لە دوو لایەن کردووە کە دان بە خۆیاندا بگرن و لە تەشەنەدان بە گرژییەکان دوورەپەرێزی بکەن.