کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپەسەندیی ترامپ و لاساریی خامنەیی

16:48 - 17 بانەمەڕ 2725

خۆپەسەندیی ترامپ و لاساریی خامنەیی

 

ئورشەلیم پۆست – داڤید م. واینبرگ

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

ئەو سێهەمین بەشەی وتارەکەم لە بارەی ئێراندا لە نزمترین ئاستدا لە ڕێککەوتنی ناوکی لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و کۆماری ئیسلامی و بژاردەکانی ئەمریکایی و ئیسڕائیلی لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی  ئەوتۆ دەکۆڵێتەوە.

لە حەوتووی ڕابردوودا، ئێمە مێژووی فرتوفێڵاوییەکەی ئێرانمان (ئامانجە بەرزەفڕانە شۆڕشگێڕییەکەی بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچەکەدا، شەڕە بە وەکالەت و بەرنامەکانی هاژەکی و ناوکییەکەی) وەرد دایەوە و هەروەها باسی جیهانبینییە ستراتێژیکییەکەی سەرۆک‌کۆمار ترامپمان کرد. من باسی ئەوەم کرد کە ترامپ بەتەمای بردنەوەی کێبڕکێی جیهانیی لەگەڵ چینە و خولیایەکەی لەمەڕ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیە بۆ دۆخی پێشوو بەوە بەندە کە لە بەروڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا، بوێری نیشان بدات.

بێجگە لەوە من باسی ئەوەم کرد هەڕەشەکانی ترامپ دژی ئێران هێچ شتێکیان لە ڕێککەوتنێکی شل بە شێوەی ئۆباما کەم نیە کە بەرنامەی ئێران لە ماوەی دانووستانەکاندا درێژەی دەبێ و ئەوسا کاتی سەرۆک‌کۆماریی کۆتایی دێ، لانی کەم لە پەیوەندی لەگەڵ  هەڵسوکەوت لەگەڵ کاروباری نێونەتەوەییدا. ئەو قەت ناتوانێ ببێتە سەرکۆماری "وەرچەرخێنەر" بە دەستکەوتی "مێژوویی" کە ناوبراو وەها بە ئاشکرا دەیهەوێ خۆی بنوێنێ.

مەرجی سەرەکی گەیشتن بە "ڕێککەتونێکی باش" لەگەڵ ئێران، دانانی جیاوازیی لە نێوان سنووردارکردنی چەکوچۆڵ و داماڵینی ناوکییە.

سەرۆک‌کۆمار ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٥ بە سنووردارکردنی چەکوچۆڵ ڕازی بوو، بەرنامەی ناوکیی ئێرانی سنووردار کرد بەڵام لێی گەڕا درێژە بە چالاکیی خۆی بدا، ڕەوایی هەبێ و ئیزنی پێدا لەگەڵ کۆتایی هاتنی سنووردراکردنە کاتییەکان، خێراتر بەردەوام بێ. ناوبراو دەیان میلیارد دۆڵار لە دراوی سڕکراوی ئێرانی ئازاد کرد تا سووتەمەنیی گەشەی سەربازیی ئێران بەرەو پێشەوە دابین بکات. ئۆباما بە کەم ڕازی بوو و لە کۆتاییدا ڕێگەی بە ئێران دا تا ببێتە وڵاتێکی سەر لێواری بوون بە خاوەن چەکی ناوکی.

داماڵینی ناوکی  

بە پێچەوانە، ئەفریقای باشوور پرۆسەی داماڵینی ناوکی لە نەوەدەکانی زایینی دەست پێ کرد، هەر وەکوو لیبی دوای داگیرکرانی عێراق لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣.

ئەو ڕێچکەیە هیچ ژێرخانی پیتاندن و بەچەککردن بۆ ڕێژیم ناهێلێتەوە تا لە ئەگەری پەژیوان بوونەوە کەڵکی لێ وەرگرێ. ئەوە دەقاودەق ئەو شتەیە کە سەرۆک‌وەزیران نەتانیاهوو ئەو حەوتوویە بە ترامپی گوت: لیبی نموونەیە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکان مایک واڵتز ڕوونی کردەوە کە ئێران دەبێ "سەرجەم بەشەکانی بەرنامەی ناوکی خۆی، لە ناویاندا هاژەکەکان، بەچەک‌کردن و پیتاندنی ئورانیۆم ڕادەست بکات و دەستبەرداریان بێ."

کورتکراوەکەی لە لای ترامپ: "چاودیریی بکە، کۆنتڕۆڵی بکە، بیپشکنە و، پاشان بیتەقێنەوە یان دڵنیا بە کە چیدیکە دامەزراوەی ناوکی لێ نین." حەوتووی ڕابردوو گوتی ئەو بە دوای ڕێککەوتنێکەوەیە "کە هێندە باش بێ وەک ئەوە بچێ بە هێزی سەربازیی وەدەست‌هاتوە."

سێ پسپۆڕی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییان (FDD) ئەم حەوتوویە لە واشینگتۆن وردەکاریی بردنەوەیەکی ئەوتۆیان پێشکەش کرد؛ واتە داماڵینی تەواو دەبێ چی لە خۆ بگرێ. ئەو بە مانای "لێک‌هەڵوەشاندنی تەواو، یەکجارەکی و هەڵسەنگێندراو، هەناردەکردن یان لەجێدا لەنێو بردنی" سەرجەم سامانەکانی پیتاندنی ئورانیۆم و پلوتۆنیۆم، پشکنینی "لە هەرکات و هەر شوێنێک" و کۆتاییهێنان بە توێژینەوە و گەشە پێدانی چەکی ناوکی بگرێتە خۆ. 

ئەو هەروەها بە مانای کۆتایی‌هێنان بە هاژەکی بالیستیکی ئێران، هاژەکی دەریایی، جبەخانەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کۆتایی‌هێنان بە هاوردە و هەناردەکردنی نایاسایی ناوکی و بە تایبەتی ڕێککەوتنەکانی ناوکی، هاژەکی و چەکوچۆڵ لەگەڵ ڕوسیە، چین و کۆرەی باکووریش بگرێتەوە. بەڵێ، هەڵبەت ئەوەشی تێدایە کە دەبێ پشتگیریی لەمێژینەی تاران لە حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و هێزە بەکرێگیراوەکانی دیکە کۆتایی پێ بهێندرێ.

هەموو ئەوانە پێویستی بە چاودێریی فرە دەستدرێژیکارانە و چڕی ئەمریکا و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە هەژمارەکانی بانکیی ئێران، کانگاکانی ئورانیۆم، دامەزراوەکانی کارکردن لەسەر کانزاکان، بنکەکانی سەربازیی و هاژەکی، بەندەر و فڕۆکەخانەکان، لەگەڵ لەنێو بردنی تەواوەتی بنکە ژێرزەمینییەکان بۆ چالاکیی ناوکی و کۆگای چەکوچۆڵە.

لە ڕوانگەی منەوە، هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە تۆزقاڵێک وەک ئەو داماڵینەی هێزی ئێرانی، ئەو بنکۆڵ کردنەی سەربەخۆیی ئێران بچێ،  ئەگەری پەسەندکرانی لە لایەن ئایەتوڵڵا خامنەییەوە، نزیکەی سفرە. پێم‌وابێ ئەگەری دەنگدانی دادئەستێنی گشتیی ئیسرائیل، گالی باهاراڤ-میارا و بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی ڕۆنەن بار لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئیسڕائیل بە نەتانیاهوو زۆرترە تا عەلی خامنەیی بە خۆشیی خۆی سوجدە بۆ ترامپ بەرێ و چاودێریی لێک‌هەڵوەشاندنی شۆڕشی ئیسلامی بکات.

لەبیرمان بێ: تاران چوار دەیە و سەدان میلیارد دۆڵاری لە گەشەپێدانی هێزە سەربازییەکەی و باڵادەستیی ناوچەیی خەرج کردوە کە هاوکات بووە لەگەڵ بەشمەینەتیی بەرچاو ("قوربانیدان") لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە. هەموو ئەوانە، لەبەر بڕوامەندییەکی قووڵی ئایدیۆلۆژیکی و ئایینی، کە پشت ئەستوورە بە خولیایەکی ڕەش کە کۆمەڵکوژیی دژی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا و لەنێوبردنی شارستانییەتی دوژمن دەگرێتەوە. کە وا بوو، زۆر وێدەچێ لە دانووستانەکەی کۆتایی ئەم حەوتوویەدا، ئێران ئەو کارە بکات کە زۆر باش لێی شارەزایە: دواخستن، پێشکەش‌کردنی سازشی ئەوتۆ کە بتوانێ لێی پاشگەز بێتەوە و پووچەڵکردنی هێزی وڵاتە یەکگرتووەکان. بەرێوەبەرایەتی پێشووی ئەمریکا تەنانەت بۆ مانەوەی ئێران لە سەر مێزی دانووستان، ئەو وڵاتەیان خەڵات کردوە! وەک سەرۆکی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییان، مارک دوبۆویتز ئاماژەی پێ کردووە، ئێران مامۆستای هەڵخەڵەتاندنی سەرۆک کۆمارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانە.

جیاوازییەکەی بۆ ترامپ، نەتانیاهو یان ڕۆژئاوا، ئەمجارە، ئەوەیە کە کات نیە. ئێران چەند خولەک یان چەند مانگ لە ئاشکراکردنی یەکەم بۆمبە ناوکییەکەی دوورە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێک بە ناوی کتێبی سوور، کە دوو ساڵ جارێک لە لایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بڵاو دەبێتەوە و ئەم سێ شەممەی بڵاو بووەوە، یەدەگی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەلێک لەوەی گریمانە دەکرا زیاترە و وێدەچی ئەمساڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی کانزای ئورانیۆم لە ٢١ تۆن بۆ ٧١ تۆن بەرز بێتەوە. هێچ وڵاتێک ئۆرانیۆمی تا پلەی ٪٦٠ نەپیتاندوە، کارێک کە ئێران کردوویەتی، بێ ئەوەی بۆمبی ناوکی بەرهەم نەهێنابێ، کەوابوو ئامانجی ئێران ڕوونە.

ئەو پلەیە، بەڕیوەبەرایەتی ترامپ بەرەوڕووی سێ بژاردە دەکاتەوە: یەکەمیان تەسلیم بوونە، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لاواز، ڕێککەوتنێکی بچووک کراوە لەگەڵ ئێران کە وا دەنوێندرێ کە بەرنامەی ناوکی و هێزەکانی دیکەی ئێران لەژێر کۆنتڕۆڵ‌دان  و ئیدیعا دەکرێ کە ئەوە سەرکەوتنێکی "زەبەلاح" بۆ واشینگتۆنە.

پرسیارەکە ئەوەیە کە کامیان سەر دەکەوێ: خۆپەسەندیی ترامپ یان لاساریی خامنەیی  

پێمخۆشە وا بیر بکەمەوە کە ترامپ لە وەها داوێک ناکەوێ، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی پێشبینی نەکراو، ئەو ڕاستییە کە خۆی وەک مەزنترین مامەڵە کەری جیهان سەیر دەکات و ئەو ئاواتەی کە زۆر جار باسی کردوە، واتە وەک ئاشتی‌خولقێنی پلە یەکەمی جیهان بناسرێ، ناتوانین بڵێین ئەوە ڕوو نادا.

ئیسڕائیل دەبێ هەموو هێزی خۆی لەکار بکات تا پێش بە هەرەسهێنانێکی ئەوتۆی وڵاتە یەکگرتووەکان بگرێ. خۆ بەدەستەوەدان بە ئێران گەلێک لە داهاتنەوە بۆ ڕووسیە (لە پەیوەندیی لەگەڵ ئوکراین) مەترسیدارترە و بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل فرە ماڵوێرانکەرتریشە.

دووهەم بژاردەی ترامپ بۆمباران کردن و خاپوورکردنی ئێرانە، نەتەنیا دامەزراوە سەربازیی و نەوتییەکان بەڵکوو ناوەندەکانی دەسەڵاتیش. ئەوە دەبێتە هەوڵێک بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی تاران بۆ ماوەی دەیان ساڵ، داماڵینی توانایی ئابووری بۆ دروست‌کردنەوەی خێرای توانا سەربازییەکەی و نەهێشتنی بەشی هەرە زۆری ڕێبەریی هەنووکەیی بەو هیوایە کە ئاڵوگۆڕی ڕێژیمی بەدواوە بێ.

سێهەم بژاردەی ترامپ ئەوەیە ڕێگا بە ئیسڕائیل بدا تا کارەکە بکات یان لانی کەم دەست بە لە نێوبردنی بەرەی پێشەوەی بنکە ناوکی و هاژەکییەکانی بکات، بە هێرشی زیادی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە و پشتیوانی لە ئیسڕائیل و سەلماندنی بە ئێران کە هەوڵەکانی بۆ وەدەستهێنانی هێژەمۆنی کۆتایی هاتووە.  

بێتوو ئێران هێندە گەمژە بێ کە هەڕەشەکەی لە بارەی تۆڵە ئەستاندنەوە بە هێرشی هاژەکی بۆ ئیسڕائیل، بۆ سەر هێز و بنکەی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە کەنداو و، بۆ سەر هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا وەڕاست گەڕێنێ، ترامپ بێجگە لە ئاراستە کردنی توانایی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکەی نامینێ.

لە سێناریۆیەکی ئەوتۆدا، بێگومان هەوڵی ناشیرین بۆ تاوانبارکردنی ئیسڕائیل بە "ڕاکێشانی" وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ نێو جەنگ دەدرێن، بەڵام با بیکەن. لە ئەگەری ڕوونەدانی تەسلیم بوونی ناوکی ئێران بەرانبەر بە وڵاتە یەکگرتووەکان، هیچ ڕێگا چارەیەکی دیکە نامێنێ. من پێم‌وایە ئەو سێناریۆیە ئەرکدارانەترینە و ئەگەری لە ئەوانی دیکە زۆرترە.

هەر چۆنێک بێ، لە ساڵی ڕابردوودا ئێران دوو جار بە هاژەکی بالیستیک هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و، هەروەها بەرپرسیاریی قووڵی بەرانبەر بە هێرشەکانی حەماس لە ٢٠٢٣ و حیزبوڵڵا لە ٢٠٢٤ بۆ سەر ئیسڕائیل هەبووە. ئیسڕائیل بەکردەوە فێر بووە هەڕەشە کۆمەلکۆژییەکانی ئێران بە جیددی وەرگرێ.

بە گوێرەی نووسراوەی ئایینی کە لە کۆتایی ئەو حەوتوویەدا لە کاتی جەژنی پاک لە ماڵی جوولەکان دا دەخوێنرێتەوە، "لە هەموو نەوەیەکدا دوژمنان هەوڵی لەنێو بردنی جوولەکان دەدەن، بەڵام خودا هیز دەبەخشێتە نەتەوەی ئیسڕائیل تا بە سەر هەڕەشەکەدا سەرکەوێ، بمێنێتەوە و گەشە بکات." بێگومان لە بەرەبەری بەرەوڕووبوونەوەی مەزن لەگەڵ ئێرانیشدا بە هەمان شێوە دەبێ.