
بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری ژنان و بنەماڵەی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: ئەو پارێزگایە پێویستی بە نەخۆشخانەیەکی تایبەت و گشتگیر لە بواری نەخۆشییەکانی ژنان بە پێوەر و ستانداردە سەردەمییانەکان هەیە و وتیشی : ئەو شوێنەی ئێستا لە نەخۆشخانەی مۆعتەزێدی هەیە، پێداویستییە پزیشکییەکانی ژنان دابین ناکات، هەروەها دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نوێش پێویستە لە بەرنامەی کاردا بێت.
مریەم ئەکبەری بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری ژنان و بنەماڵەی پارێزگای کرماشان ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ لە میانەی سەردانکردنی بۆ نەخۆشخانەی مۆعتەزێدی لە کرماشان بە ئیرنای ڕاگەیاندووە پێشبینی دەکەین بەرپرسانی پارێزگاکە بەتایبەت سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان بە ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، بوودجەی پێویست بخەنە نێو پلانی ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانرێت کارە جەوهەریەکان ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشخانەی مۆعتەزێدی وەک ناوەندی سەرەکیی خزمەتگوزارییەکانی منداڵبوونی حکوومەتی لە پارێزگاکەدا کار دەکات، بۆیە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ژنان، بردنەسەرەوەی بەشی پزیشکی و دەرمانی و زیادکردنی ئیمکانات بۆ خۆشبژێویی کارمەندان دەبێ لە یەکەم هەنگاوەکانی دەستووری کاردا بێت.
ناوبراو ئاماژەی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری نەزۆکی لەلایەن حکوومەتەوە لەم سەنتەرەدا کرد و جەختی لەوە کردەوە: پشتیوانیکردن لە چینی کەمداهات و باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ژنان دەبێت لە کەمترین ماوەدا بەرچاو بگیریت و بەدی بهێنرێت.
هەروەها بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاهێنانی پزیشکیی مۆعتەزێدی لە کرماشان بە ئاماژە بە پێگەی تایبەتی ئەم نەخۆشخانە لە سیستەمی تەندروستی پارێزگاکە وتی کە ئەو نەخۆشخانەیە تاکە نەخۆشخانەی پسپۆڕی ژنان لەو پارێزگایەیە کە یەک لە چواری لەدایکبوونەکانی ئەو پارێزگایە لەو نەخۆشخانەیەیە ئەنجام دەدرێت و بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان پێویستی بە پاڵپشتی هەیە.