
سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری ئاودانان، کە لە پێوەندیی لەگەڵ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەسبەسەر کرابوون و بە ١٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو حوکم درابوون، بۆ بەندیخانەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران، دوور خرانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤیی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ، سێ بەندکراوی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحوسێن حاسڵی کە لەلایەن دادگای سزاکانی ئیلامەوە حوکمی ١٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، بۆ بەندیخانەکانی زاهێدان، کرمان و مەشهەد دوورخرانەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەم سێ کەسە لە ماوەی جۆزەردان تاکوو گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی بە شێوەی خۆسەر و بەبێ هیچ حوکمێکی دادوەری دەسبەسەر کراون.
ڕەزایی و حاسڵی تەنیا ماوەیەکی کورت بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و پاشان هەر لە هاوینی ساڵی ١٤٠٢ دەسبەسەر و لەو کاتەوە لەگەڵ وەحید چاوران، لە بەندیخانەی ئیلامدا، بەبێ ڕێگەدان بە چوون بۆ مورەخەسی و گرتنی پارێزەر و لە ژێر ئەشکەنجەدا، بەند کراون.
کوردپا زیادی کردووە، هەڵسوکەوتی توندوتیژانە لە کاتی دەسبەسەرکردندا، دانپێدانانی زۆرەملێ، بێبەشکردن لە مافی دەرمان، هێرشکردنەسەر ماڵ و دوورخستنەوەیان بۆ بەندیخانەکانی زاهێدان، کرمان و مەشهەد، هەروەها مانگرتنی ناوبراوان لە خواردن و دوورینەوەی لێوەکانیان و دوورخستنەوەیان، هەموو نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوەیە.
ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە لە ئیلام تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی، کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان بە دژی تەناهی نەتەوەیی ڕێژیم و نیشاندانی هێز بە چەکی گەرم" خراوەتە پاڵیان.