کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری شەهیدێکی کوردستان لە ورمێ کۆچی دوایی کرد

12:21 - 11 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەری ١٤٠٤ی هەتاوی، خاتوو دیوان میری، هاوسەری شەهید ڕۆستەم مستەفازادە، بە هۆی نەخۆشییەوە لە ورمێ کۆچی دوایی کرد.

دیوان میری کچی دەروێش خەڵکی گوندی گەلەخر سەر بە ناوچەی سۆما، هاوسەری شەهید ڕۆستەم مستەفازادە، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەەوە کۆچی دوایی کرد.

شەهید ڕۆستەم مستەفازادە خەڵکی گوندی سۆماناوای ناوچەی سۆما، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستپێکردنی قۆناغی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، چەکی بەرگری لە کوردستان هەڵدەگرێ و دەبێتە پێشمەرگە و لە نێو ڕیزی حیزبی دێموکراتدا، وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار و دڵسۆز خەبات دەکات.

ڕۆستەم لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە دەیان شەڕ و حەماسەدا لە دژی هێزەکانی ڕێژیم بەشداریی قارەمانانەی کرد و سێ جار بریندار بوو.

شەهید ڕۆستەم مستەفازادە وێڕای پێشمەرگەیەکی دیکە لە سالی ١٣٦٤ لە گوندی فێرزیانی سۆمادا لەلایەن هێزە دژە کوردەکانی ڕێژیم بەدیل گیران، پاش ساڵێک خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەشکەنجەکانی ڕێژیم، سالی ١٣٦٥ ئێعدام کرا.

خاتوو دیوانی هاوسەری شەهید ڕۆستەم، تا دوا ساتی ژیانی بە شانازییەوە ژیا و سەرپەرەستیی مناڵەکانی کرد و هەروا بە ڕێبازی هاوسەرە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.

تەرمی دایە دیوان بە بەشداریی خزم و کەسوکاری لە گۆڕستانی گوندی قەسریک بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دایە دیوان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.