کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چرا یاسین: ئایین یەکێک بووە لە فاکتەرە ھەرە دیارەکانی بەردەم لاوازیی ناسیۆنالیزمی کورد

20:06 - 17 بانەمەڕ 2725

چرا یاسین: ئایین یەکێک بووە لە فاکتەرە ھەرە دیارەکانی بەردەم لاوازیی ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە:

ناسیۆنالیزم یان هەستی نەتەوایەتی وەک چەمکێکی گرینگ کاریگەریی و ڕۆڵی بەرچاو لە بەرەوپێشبردن و یەکگرتوویی هەر نەتەوەیەکدا دەگێڕێ کە بە کارکردن و تەکز خستنەسەر ئەم چەمکە گرینگە میللەتانی بێ دەوڵەت ئامانجە گەورەکانیان دەستەبەر دەکەن کە دەربازبوون لە دیلی و ژێردەستییە. "کوردستان" لە وتووێژێکی تێروتەسەلدا و بۆ باسی زیاتر لەسەر ناسیۆنالیزم و لەمپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزم و کاریگەری ناسیۆنالیزمی داگیرکەران لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ خاتوو چرا یاسین، کارناس و توێژەری مێژوو تیشکی زیاتری خستوەتە سەر ئەم بابەتە. لە بەشی یەکەم و دووهەمی ئەو وتووێژەدا باس لە مێژووی ناسیۆنالیزم لە کوردستان و کاریگەریی ناسیۆنالیزمی "فارس" و "عەرەب" و "تورک" لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان کرا و تیشکمان خستەسەر ئەوەی کە چۆن دەتوانێت بەرپەرچی ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانەی دژبەران و نەیارانی بداتەوە. هەروەها باس لە مەوداکانی نێوان هەستی نەتەوایەتی و بیری نەتەوایەتی کرا ئەرکەکانی ناسۆنالیزم هەڵوێستەیان لەسەر کرا. لە بەشی کۆتایی دیمانەکە ئاکامگیرییەکی چڕ لەو باسە دەکەین.

بەلای ئێوە ناسیۆنالیزم تەنیا دەرهاوێشتەی ئەرێنی هەیە، یاخوود لایەنی نەرێنیشی هەیە؟ لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ناسیۆنالیزم لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟

بێگومان ناسیۆنالیزم وەک هەر بابەتێکیتر هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆ دەگرێت، ئەگەر باس لە لایەنە ئەرێنییەکانی ناسیۆنالیزم بکەین دەتوانین بە چوار خاڵ گوزارشتی لێ بکەین ئەوانیش:

یەکەم، ناسیۆنالیزم پڕەنسیپێکی ڕەواییەتی پێشکەش دەکات کە بنەمای سیستەمی دەوڵەتی، مۆدێڕن پێک دەهێنێت، ئەم بەڵگەیەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە ئەرکی دەوڵەتە کە نوێنەرایەتیی گەلەکەی بکات، بەمەش دەوڵەت ڕەواییەت بە دەست دەهێنێت لە ڕێگەی ڕەزامەندیی گەلەکەیەوە.

دووهەم،  ناسیۆنالیزم بەدیهێنەری پڕەنسیپەکانی دێموکراسییە، بەپێی ئەوەی ناسیۆنالیزم بریتییە لەو ئامرازەی لە ڕێگەیەوە پڕەنسیپەکانی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری تایبەت بە حکوومەت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ دەکرێت.

سێهەم،  ناسیۆنالیزم خزمەتی پیادەکردنی ئەرکێکی دەروونی گرنگ دەکات، چونکە هەستی ئینتیمابوون دابین دەکات و ڕەگی بنەڕەتی تاک و مێژوو و داهاتووی دیاری دەکات، هەروەها شێوازی دەربڕینی کلتووریش دیاری دەکات. ئەم پێداویستیانەش بریتین لە پێداویستییە سەرەکییەکانی تاک و بەبێ دیاریکردنیان بێ‌هیوایی و پشێوی دروست دەبێت، کەواتە لێرەدا گرنگی ناسیۆنالیزم بریتییە لە دابینکردنی پێداویستییە دەروونییە نەتەوەییەکانی ئەم سەردەمە.

چوارەم. ناسیۆنالیزم یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهێنان و فرەیی مرۆڤایەتی، تەقینەوەی هەستی نەتەوایەتی چەندین هەنگاوی گەورەی لە بوارەکانی (هونەر، ئەدەبیات، موزیک، وەرزش، زمان، کلتوور)بەدوای خۆیدا هێنا، لەم بوارانەدا ناسیۆنالیزم تەنیا سوودی بەو گەلانە نەگەیاندووە کە کاریگەر بووە لەسەریان، بەڵکوو سوودی بە تەواوی مرۆڤایەتی گەیاندوە.

چرا یاسین، کارناس و توێژەری مێژوو

ئەدی لایەنە نەرێنییەکانی؟

لایەنە نەرێنییەکانیش بە هەمان شێوە دەتوانین پۆلینیان بکەین:

یەکەم، ناسیۆنالیزم سەرچاوەی ململانێ و جەنگەکانە، بەتایبەت هەڵگیرسانی جەنگە جیهانییەکان و پاکتاوکی ڕەگەز و ژێنۆسایدی بەکۆمەڵ و قەیرانی بیسنوور لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەموو ئەوانەش بەهۆی پێداگریی ناسیۆنالیزم و دەستگرتن بەسەر خاکدا بووە.

دووهەم، هەر چەندە ناسیۆنالیزم هەوڵی ئەوەش بدات خۆی لە پێکدادانی سەربازی دوور بخاتەوە، بەڵام هێشتا بە ڕێگرێک لەبەردەم هاوکاری و چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان، لە بوارە جیا جیاکانی بازرگانی و کۆچکردن و ژینگە و...هتد دادەنرێت. هەمیشە جیهان پێویستیی بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی فراوانتر و کارکردن بە پڕەنسیپی بەرژەوەندییە جیهانییەکان هەیە، لە بەرامبەر دەستگرتن بە تایبەتمەندییە نەتەوەییە جیاکەرەوە و دژ یەکەکان.

سێهەم ناسیۆنالیزم دەبێتە هۆی لەبەریەک‌هەڵوەشانەوەی دەوڵەتان و وێرانکردنی چەندان قەوارەی سیاسی و ئابووری لە جیهاندا و دواجار ئەوە کە ناسیۆنالیزم لە دیدێکی لۆکاڵییەوە بابەتێکی خوازراو نیە، چونکە بۆچوونەکان زۆرن لەسەر ئەوەی ناسیۆنالیزم دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشێکی بارگاوی بە دیکتاتۆرییەت لە نێوخۆی وڵاتدا. 

ئەگەر بێینەوە لەسەر باسی ناسیۆنالیزمی کوردی. جەنابت پێت وایە لەمپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردی چین؟

ئەم پرسیارە وڵامێکی فرە لایەن لەخۆ دەگرێت بۆیە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی بکەم. یەکەم؛ جێگیرنەبوونی بیری نەیەوایەتی، کە پێشتر بە تێر و تەسەلی قسەمان لێ‌کرد. دووەم؛ ئاگادارنەبوونمان لە مێژووی خۆمان و پەند لێ‌وەرنەگرتنمان.

مێژوو مانایەکە بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو و ئێستامان، لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکانی ڕابردوو لە گۆشەنیگا جیاوازەکانەوە یارمەتیمان دەدات بە باشی لە ئێستامان تێبگەین و پێشبینیمان و کارکردنمان بۆ داهاتوو بە باشی ڕێک‌بخەین. مێژوو هەروەها یارمەتیمان دەدات لە ناساندنی ناسنامەی تاکی و نەتەوەیمان، بێگومان ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە هانمان دەدات بە گرنگییەوە لە خوێندنی مێژوو بڕوانین، لە ڕێگەی مێژووەوە دەتوانین لە گۆڕانکارییەکان تێبگەین و بکۆڵینەوە کە چۆن کۆمەڵگە و نەتەوە و جیهان گەشتوە بەم حاڵەی ئێستا و یارمەتیمان دەدات لە بنەڕەتی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تێ‌بگەین. مێژوونووسی ئینگلیزی (جۆرج سێڵ) دەڵێت: (سیاسەتمەدارێک ناتوانێت گرفتێک چارەسەر بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، ئەگەر هاتوو لە مێژوو هەڵوێستی گونجاو وەربگرێت، هەروەها دەرکردنی بڕیارێکی گونجاو و پەسەند پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ مێژوو، چونکە مێژوو هەر وەکوو کۆگا وایە لەبەر ئەوەی تەمەنی مرۆڤ کەمەو ناتوانێت هەموو شتێک تاقی بکاتەوە لەبەر ئەوە پێویستی بەکەسانی تر دەبێت). یەکێکی‌تر لە سوودەکانی بایەخدانی ئێمە بە مێژوو بریتییە لە پێناساندنی شوناسمان، لە ڕێی مێژووە و دەزانین چین و کێین و دۆستمان کێیە؟ دوژمنمان کێیە؟ ھیچ نەتەوەیەک به‌بێ بوونی مێژوویه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوونی نیه، تا‌ بیره‌وه‌ریی هاوبه‌شی ئازار و سه‌رفرازییه‌كانی، قاره‌مانان و خراپەکارانی، دوژمن و جه‌نگه‌كانی و شکست و سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌ هزر و بیری خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌چه‌سپا بێت، سەرکەوتوو نابێت. ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ به‌هێزبوونی یه‌كگرتوویی ڕیزەکانی‌ نه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یش به‌هێز ده‌كات.

ئەدی ڕۆڵی ئایین  لەو هاوکێشەیەدا چیە، ئەمیش وەک لەمپەر دەبینن؟

ئایین یەکێکە لە فاکتەرە ھەرە دیارەکانی بەردەم لاوازی ناسیۆنالیزمی کوردی، کە لەسەر دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی بووەتە لەمپەر و کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر لاوازی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. لە ئاستی دەرەکیدا ئەگەر سەیر بکەین عەرەبە ئیسلامییەکان خاوەن ٢٢ دەوڵەتن کەچی دژی نەتەوەکانی وەک کورد و ئاشووری و ...ھتدکانن، کە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان ھەبێت، و ئایین دەکەنە بیانوو، ھەروەھا ئێران چەندین نەتەوەی تێدا دەژی و لەژێر سێبەری فارسەکاندان و دەوڵەتی نەتەوەیی بە داھێنراو دەزانێت چونکە ئایینی ئیسلام وایگوتوە بە ھەمان شێوە وڵاتی تورکیەی تۆرانی لە دوای نەتەوە پەرستی خۆیان، ئایین وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی گەل و نەتەوەکان دیکە بەکار دەھێنن و زمان و کولتووری نەتەوەکانی دیکە قەدەغە دەکەن، لەسەر ئاستی ناوخۆیش لەمێژوودا تاکی کورد لەدێر زەمانەوە خاوەن ھەست و سۆزێکی لە ڕادەبەدەر بووە، بە تایبەت کە باسەکە دەکەوێتە سەر ئایین، ھەمیشە ئایین وەک ئامرازێکی بەستنەوەی کورد بەکارھاتوە لەلایەن دوژمنانیەوە، لە ھەمان کاتدا بوونی ھەستێکی ئایینی ڕەھا و نەکردنی ھاوسەنگی لە نێوان ھەستی ئایینی و ھەستی نەتەوایەتی.  لەلایەکیتر زۆربەی تاکی کورد بە جۆرێک لە ناسیۆنالیزم تێگەیشتووە، کە ناسیۆنالیزم ڕەتی ئایین و ئایینداری دەکاتەوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا هەڵەیەکی گەورەیە و لە ناسیۆنالیزمدا دژایەتیکردنی ئایین هێندە ڕەنگدانەوەی نییە، بەڵکوو ئایین لە بەرژەوەندی نەتەوەیی بەکار دەهێنێت، هەروەک ئەوەیکە دەوڵەتانی دیکەی موسڵمانانی هاوشێوەی (تورک، عەرەب، فارس) بەکاریان هێناوە و توانیویانە لەو ڕێگەیەوە سوودێکی زۆر کە بەرژەوەندی نەتەوەکەیان بەدەست بهێنن و زۆر جار وەک کارتێکی فشاریش بەرامبەر کورد بە کاریان هێناوە و کوردیان تێکەڵ ئەم ستراتیژییەتە کردوە. بۆ نموونە لە کاتی ململانێی (عوسمانی-سەفەوی) دوژمنان زۆربەی کات جیاوازی مەزهەبییان کردوە بە بیانوو و هانی کوردەکانیان داوە بۆ دژایەتیکردن یان پاڵپشتیکردن، نموونەیەکی‌تر لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانی ناوچەکانی کوردستان کە ببووە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەکانی عوسمانی و وڵاتانی خۆرئاوا عوسمانییەکان هەستی کوردەکانیان بەکار دەهێنا بۆ بەشداری پێکردنیان لە بەرەی خۆیان بە بیانووی شەڕی کافران.

نەبوونی ئینتیما بۆ خاک و سەرەوەریی نەتەوەیی چ کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر ناسیۆنالیزم هەیە؟

 وەک خۆتان ئێستا باستان کرد یەکێک لە کێشە ھەرە گەورەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردی، نەبوونی ئینتیمایە بۆ خاک، نیشتیمان، ئاڵا، کە بۆ ئەمەش چەندین ھۆکار ھەن، وەک خراپی دۆخی سیاسی وڵات، خراپی باری گوزەران و ئابووری ھاوڵاتیان، وا دەکات خەڵکی ڕقیان لەکۆپرسە نەتەوەییەکانیان بێتەوە و زۆر گرنگە پرسی ئاڵا، نەتەوە، خاک، نیشتیمان، کە بابەتی گشتی و پەیوەست بە کۆمەڵگەن بە تەواوی دایماڵێنین لەو جۆرە خاوەندارەتی‌کردنە، دەبێت تێبگەین لەوەی کە بوونی خۆشەویستی و ئینتیما بۆ ئاڵا، یەکسان نیە بە بەرگریکردن لەو سیستەمەی لەژێر ئەم ئاڵایە کار دەکات، و دژایەتی‌کردنیشی بە ھەمان شێوە، چونکە دەسەڵات ھی بەشێک لە خەڵکییە، بەڵام (ئاڵا، خاک، نیشتیمان) ھی ھەمووانن و شتانێکن کە ئەگەر دەسەڵات و سیستەمی فەرمانڕەواش بگۆڕێن ئەوانە ھەر وەک خۆیان دەمێننەوە و گۆڕانیان بەسەردا نایەت. تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک بێت بە یاسای فەرمی نێودەوڵەتی دان بە کوردستان دابنرێت و و ئاڵای کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ھەڵبکرێت، ئەو ئاڵایەی لە UN ھەڵدەکرێت، گوزارشت لە وڵاتی کوردان دەکات، نەک دەستە و تاقمێکی دیاریکراو.

بارودۆخی سیاسیی کوردستان چەندە بۆ گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی یارمەتیدەرە؟

بارودۆخی ڕابردوو و ئێستای کوردستان لەو هاوکێشەیەدا زۆر گرینگە. دابەشبوونی حزبایەتی لەسەر بنەمای لایەنی و، بوونی شۆڕشی جیاواز، لە بنەمادا گەورەترین زیانیان لە بیری ناسیۆنالیزمی کوردی داوە، هاوکات دروستبوونی شەڕی نێوخۆ، کە هەموو بنەماکانی ناسیۆنالیزمی شێواند و لێکەوتەکانی ئەم شەڕە نەگریسە هەر لە هەڵگیرسانییەوە گەلی کوردی کرد بە دوو بەرەی دژ بە یەک و تا وەکوو ئێستاش کاریگەری نەرێنی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا جێ هێشتووە. لە ئێستاشدا نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی تۆکمە و دابەشبوونی کارگێڕی هەرێمی کوردستانی، بە یەکێک لە کۆسپەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە قەڵەم دەدرێت تا دەسەڵاتی ناوەندی لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت مانایەک بۆ ناسیۆنالیزم نابێت. خراپی بارودۆخی سیاسیی کوردستان کە لەسەر ھەموو لایەنەکانی‌تری ژیان ڕەنگی داوەتەوە، خراپی گوزەران و ھەستنەکردن بە یەکسانی لە کۆمەڵگەدا جۆرێک لە توڕەیی و بێ ھیوایی لەلای خەڵکی دروستکردووە، بە جۆرێک پشت بکاتە ئامانجە گەورەکەی خۆی کە دەوڵەتی کوردییە، و یان ئەوەتا بڕیاری کۆچکردن بدات، یانیش حاشا کە نیشتیمان و ھەموو کۆپرسە نەتەوەییەکان بکات. ھەر لە بازنەی سیاسییەوە نەبوونی سەرکردەی کارێزما ھۆکارێکی دیکەیە بۆ پاشەکشێکردنی بژاڤی ناسیۆنالیزمی کوردی، بە مانایەکی‌تر تێڕوانینی خەڵکی بەرامبەر بە سەرکردەکان ئەو جۆرە تێڕوانینە نییە کە وەک سەرکردەی کارێزما لە سەرکردە کوردەکانمان بڕوانن. سەرکردەی کاریزما ئەو کەسەیە کە بەدیهێنەر و خوڵقێنەری ژیانێکی شایستە بێت بۆ گەلەکەی، و دیدێکی درێژخایەنیان هەیە و هەموو یەکەکانی لایەنەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو دیدە گەورەیە کۆ دەکەنەوە. ھەروەھا تواناییەکی لە ڕادەبەدەریان هەیە بۆ گۆڕینی دیدگای لایەن یا خوود حیزب بۆ ئامانجی گەورە و پاڵنەر، تا ئەو ڕادەیە کە هەموو ئەندامانی ژیانی خۆیان ببەخشن بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە. مرۆڤێکی چالاکن و بەردەوامن لە کارکردن و دەبنە ھاندەر بۆ ئەوانی‌تر، بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکەیان. 

عەقڵییەتی کوردی یان بڵێین عەقڵییەتی نەتەوەیی کورد بەو ئاستە گەیشتوە خاوەندارەتی لەو پڕۆسەی نەتەوەسازی بکات؟

بیری نەتەوایەتی کوردی لەڕوویی زانیارییەوە زۆر لاوازە، ئەویش لەبەر سادەکردنەوەی نەتەوایەتی تەنها بۆ (خۆشویستنی وڵات، هەستکردنی بە خود، و پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی و...ھتد.) ئەمانە تەنیا بەشی وشیاری پێک‌دەهێنن کە هەزاران ساڵە بە شێوەی جیاواز بوونی هەیە، بەڵام ئایا بیرۆکەی نەتەوەیی کوردی گەیشتوە بەو ئاستەی کە دەبێت بگات؟ نەخێر، ئەم جۆرە لە نەتەوایەتییە بووەتە هۆی لاوازکردنی وشیاری نەتەوەیی، بیرکردنەوە کڵۆڵی بۆ ڕێبازی ناسیۆنالیزمی دەهێنێت و لاوازتری دەکات. هەتا وەکوو نەتەوایەتی بە ڕێبازێکی دیاریکراو نەڕوات بەڕێوە و کەسانی شارەزای بۆ دانەنرێت هەرگیز ناتوانێت ببێتە ڕێبازێک لەناو کورددا. خودی نەتەوەییەکان بەرپرسیارن لە ئاست لاوازکردنی نەتەوایەتی، لە زۆربەی چەمک و بیر و باوەڕەکان تێ ناگەن، بۆیە کاتێک بانگەشە بۆ نەتەوایەتی دەکەن، زیان بە نەتەوایەتی دەگەیەنن. گروپ و دەستە نەتەوەییەکان زۆرن بە ڕێژە، بەڵام خاوەنی پەیڕەوێکی دیاریکراو و ڕوون نین. نەتەوەخوازەکانی ئەمڕۆی کورد هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێبازێک بۆ نەتەوایەتی دیاری بکەن، هەمیشە دەیلکێنن بە بیر و هزرێکی دیکە، هیچ نەتەوەییەک لەنێو کورددا، دەرکی بەوە نەکردوە کە مەسەلەی نەتەوەیی، دژی هەر دوو باڵی ڕاست و چەپی سیاسییە، هەتا لەوانەیە نەشزانێت ڕاست و چەپی سیاسی چیە؟ لە کاتێکدا نەتەوەپەروەرەکانی تورک و فارس بە شێوەیەکی زۆر تۆکمانە خاوەن ڕێباز و پەیڕەوێکی دیاریکراون، بەڵام نەتەوەییەکانی کورد، لەم مافە خۆیان بێ بەشکردووە و سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری نین. لە ناو نەتەوایەتیشدا چەندان قوتابخانەی گرینگ هەیە، نموونە (ڕۆمانتیک/ئەڵمانی) یان (فەڕەنسی)کە هەر یەکێکیان بیر و ئایدیای خۆی لەسەر چەند بنەمایەک داڕشتووە، بەڵام ئایا نەتەوایەتی کوردی لە ئێستادا توانیویەتی ئەمە بکات بەبێ تێکەڵکردنی لەگەڵ مارکسیزم یان دێموکراسی؟  بێگومان نەخێر، بیری نەتەوایەتی کوردی بە تەواوی نەیتوانیوە ببێتە قوتابخانەیەکی سەربەخۆ کە تەنیا لەسەر بنەمای نەتەوایەتی دامەزرابێت، بەڵکوو زۆربەی جار تێکەڵ کراوە لەگەڵ بیری مارکسیزم یان بیری لیبرالیزم و دێموکراسی، یان بیری ئیسلامی، کە بۆ هەر یەکێکیشیان نموونەی بەرجەستەمان هەیە، هۆی نەبوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی ڕێگری بووە لەوەی کە قوتابخانەیەکی تەواو سەربەخۆی نەتەوایەتی کوردی بێتە کایەوە، کە تەنیا لەسەر تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی، کلتووری و مێژووییەکانی کورد بونیاد نرابێت.

خاتوو چرا سپاس بۆ ئەم دەرفەتە و ماندووش نەبن

ڕێز و سپاس بۆ ئێوەش کە ئەم دەرفەتەتان ڕەخساند کە لە خزمەتتاندا بم.