
ئەمڕۆ ١ی مەی وەک ڕۆژی جێهانیی کرێکار دیاری کراوە، تاکوو هەموو مرۆڤەکان و چین و توێژەکان لە مەینەت و ئازارەکانی چینی کرێکار تێبگەن و تاکوو سیستمی ئابووری تۆزێک دادپەروەرانەتر بکرێ و لە ڕەنجەکانی بەشێکی گرینگی کۆمەڵگا کەم بکرێتەوە.
لە ئێرانی قەیراناویی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، کاتێک ساڵانە یادی ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەکرێتەوە، هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و دۆخی بژیوی ئەم چینەی کۆمەڵگە تا دێت خراپتر دەبێت.
خەڵکی کرێکار لە ئێران ئەگەرچی زۆرترین پشکیان لە هەڵسووڕاندنی چەرخی ئاوەدانی و بەرهەمهێناندا هەیە، بەڵام کەمترین داهات و دەسکەوتیان لە بەرهەمی ڕەنج و ماندوویەتیی خۆیان پێ دەبڕێ و زۆرترین ستەمیان لە سۆنگەی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیمەوە لێ دەچێت.
مووچە و حەقدەستی دیاریکراو بۆ کرێکاران نەک هەر وەڵامدەری سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان نییە، بەڵکوو هەر ئەو کەمە حەقدەستەش بە ناڕێکوپێکی پێیان دەدرێ.
لە ئێراندا مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بەئەمنییەتی دەکرێن، چالاکانی کرێکاری بانگ دەکرێنە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەخرێنە ژێر گوشاری هەمەلایەنە تا لەو ڕێگەیەوە بەر بە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بگرن.
یەکی مانگی مەی لە زۆر لە وڵاتانی جیهان پشووی فەرمییە و لەلایەن کرێکاران و حیزب و ڕێکخراوەکانی پشتیوان و بەرگریکاری مافی کرێکارانەوە خۆپیشاندان وەڕێ دەخرێت و لە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاراندان.
بەڵام لە ئێراندا لەگەڵ ئەوەی کە بەپێی یاسا ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی کرێکار دانی پێدا نراوە، بەڵام پشووی ڕەسمی ڕاناگەیەندرێت و لەلایەن دەسەڵاتەوە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە کرێکاران ڕێک ناخرێت.
هەر ئێستا لە کاتێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دەکرێتەوە کە ژمارەیەک لە چالاکانی بواری کرێکاری لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان و سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە.