کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە دەستی بە سەر کۆمەڵێک پەیجێردا گرتووە کە بڕیار بووە بگەنە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان

10:57 - 18 بانەمەڕ 2725

ڕۆژنامەی "دەیلی سەباح"ـی تورکیە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەسبەسەرداگرتنی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەم وڵاتە بە سەر کۆمەڵێک پەیجردا کردووە کە بڕیار بووە بگاتە دەستی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە بەیرووت.

ڕاپۆرتەکە لە زاری چەند سەرچاوەی ئاگاداری ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیەوە هێناویەتی، ساڵی ڕابردوو و تەنیا چەند ڕۆژ پاش ئەوەی کە پەیجێر و بێسیمەکانی حیزبوڵڵای لوبنان تەقێندرانەوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبول دەستیان بە سەر هەزار و ٣٠٠ پەیجێر و ٧١٠ شارژردا گرتووە کە ماددەی تەقێنەریان تێدا جێگیر کرابوو.

ئەم ڕۆژنامە تورکییە زیادی کردووە کە پەیجێرەکان لە هۆنگ کۆنگەوە هاوردە کراون و بڕیار بووە کە بچنە بەیرووت بەڵام لە فڕۆکەخانەی ئیستانبول هێزە ئەنییەتییەکان لێیان بەگومان دەبن و دەستیان بەسەردا دەگرن.

بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیە بابەتەکەی بۆ ڕۆژنامەی ئاسۆشەیتێدپرێس پشتڕاست کردووەتەوە بەڵام وردەکارییەکی زیاتری بەم ڕۆژنامە نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە یووسف ئەلزەین، بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بەم ڕۆژنامە ئەمریکاییەی ڕاگەیاندووە کە حیزبوڵڵا چەند ڕۆژ پاش ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی تەقینەوەی پەیجێرەکان، ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیەی ئاگادار کردووەتەوە کە بارێکی دیکە لە پەیجێرەکان لە ڕێگەدایە تاکوو بگاتە بەیرووت.

ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، ژمارەیەکی زۆر لە پەیجێر و بێسیمەکانی دەستی چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان هاوکات پێکەوە تەقینەوە کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی هەزاران چەکداری ئەم گرووپە میلیشیاییەی سەر بە کۆماری ئیسلامی.