کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ئەمریکی: ئۆپەراسیۆنی دژی حوسییەکان بە مەبەستی هۆشداریدان بە ئێران ئەنجام درا

11:31 - 18 بانەمەڕ 2725

لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا دژی حوسییەکان، ناوچەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئەلعەرەبییە کە بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردووە، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنە راگەیەندراوە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە حکوومەتی ئەمریکا هەڵسەنگاندنێکی ڕوونی سەبارەت بە ڕادەی ئەو زیانانەی کە بە حوسییەکانی گەیاندووە نییە. لە کاتێکدا هەندێکی تر دەڵێن حوسییەکان ٨٠٪ی توانای مووشەکیی خۆیان لەدەست داوە، هەروەها کۆگاکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و هەروەها ژێرخانی ڕادار و سیخوڕییان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیاوازی ئەم هەڵسەنگاندنانە، ڕەتکردنەوەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکایە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر دەرئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە.

ئەو ناوەندە تەنیا لە ڕاپۆرتێکی کورتدا، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خرایە بەردەستی هاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووسانی ئەمریکی، ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە هەزار پێگەی حوسییەکانی کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک لە فەرماندە و هێزەکانی ئەو گرووپەش کوژراون.

بە وتەی چاودێران، لێدانی توانای مووشەکیی حوسییەکان، ئەم میلیشیایانە بەرەو دۆخێکی هاوشێوەی حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە، واتە "باسکی بڕدراوی ئێران" بردووە، و حوسییەکان لەبری ئەوەی هەڕەشەیەک بن بۆ کەشتیوانی دەریایی لە دەریای سوور، ئێستا لە بەشێکی یەمەندا بوونەتە گرووپێکی چەکداریی سووک کە چیتر دەسەڵاتی هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دیکەیان نییە.

هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە گرینگترین دەرئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕەنگە دەرئەنجامە سیاسییەکانی بۆ واشنگتۆن بێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلعەرەبییە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە ئێران بووە. ئەمریکا زیانێکی زۆری بە حوسییەکان گەیاندووە و بەڵام لە پاڵ ئەوەدا ئێران ئێستا ترسی لێ نیشتووە و هەست بەوە دەکات کە ڕەنگە هێرشێکی توند وەک ئەوەی کرایە سەر حوسییەکان بکرێتە سەری و ئەزموونی بکات.

ئەم هێرش و هۆشدارییانە ئەگەری هەیە حەفتەکانی داهاتوو لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت و واشنگتۆن هێزی سەربازیی گەورەی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، و لە ئیستادا ئێران بە باشی ئەم هەڕەشە و هۆشدارانەی وەرگرتووە.