کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی تەخت لە ورمێ؛ ئاکامی سیاسەتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی

12:14 - 18 بانەمەڕ 2725

کەمی و نەبوونی تەخت بۆ نەخۆشەکان لە پارێزگای ورمێ و بەتایبەتی شاری ورمێ، بووەتە کۆسپێک بۆ خەڵکی ئەم شار و پارێزگایە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕ، ڕایگەیاندووە کە ئەم پارێزگایە لە ئێستادا هەزار تەختی بۆ نەخۆشەکان کەمە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٣٠ ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ورمێ ڕایگەیاندبوو کە پارێزگای ورمێ لە پێوەندیی لەگەڵ کەمیی تەخت بۆ نەخۆش، دەبێت دوو هەزار و ٥٠٠ تەختی دیکە زیاد بکات تاکوو وڵامدەری پێداویستییەکانی خەڵک لەم پارێزگایەدا بێت.

لە ئێستادا و ئەم قسانەی پارێزگاری ورمێ لەکاتێکدایە کە کەمیی تەخت و نەخۆشخانە لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان، ساڵانێکە کێشە و گرفتێکی جیددیی بۆ خەڵکی ئەم ناوچانە دروست کردووە، بە شێوەیەک کە خەڵکی ئەم ناوچانە ناچارن بۆ کاروباری دەرمان بچنە پارێزگاکانی دیکەی ئێران.

کەمیی و نەبوونی تەخت و نەخۆشخانەی پێویست، تەنیا کێشە و گرفتەکانی بواری دەرمان و تەندروستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە.

نەبوونی کەرەستەی نوێ و پێشکەوتووی دەرمانی، کەمیی پزیشکی پسپۆڕ، کۆنبوونی ژێرخانەکانی دەرمانی و بیمەی ناکارەمە، لە کێشە سەرەکییەکانی دیکەی خەڵکی کوردستان لە بواری تەندروستی و دەرمانە کە ڕۆژانە خەڵکی ئەم ناوچانە بەرەوڕووی دەبنەوە.

کارەساتباربوونی دۆخەکە لێرەدایە کە بەپێچەوانەی ئەم ناوچانە، خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران زۆر جیاوازترە، بە شێوەیەک کە هاووڵاتییانی کورد و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکە دەبێت سەرەڕای هەڵگرتنی خەمی نەخۆشییەکانیان، تێچوویەکی زۆر زیاتر بۆ هاتوچۆ و شوێنی مانەوەیان لەم شوێنانەدا بکەن.

پێکهاتەی ئەم هەڵاواردنانە سیاسەتە ناوەندگەرایانەکەی ڕێژیم بە ڕوونی دەردەخات.

ئەمە لەکاتێکدایە کە تەندروستی و دەرمان یەکێک لە بنەڕەتیترین و سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان پێشێل کراوە.