کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٩٪ی قوربانییانی تەقینەوەی بەندەری ڕەجایی کرێکار بوون

16:51 - 18 بانەمەڕ 2725

ئیسماعیل حاجیزادە، بەرپرسی جێبەجێکاری ماڵی کرێکارانی هورموزگان لەبارەی قوربانییانی تەقینەوەی بەندەر ڕەجایی ڕایگەیاند ئەو کەسەی لە کاتی تەقینەوەکەدا لە بەندەر ڕەجایی بوون، بە دڵنیاییەوە زۆربەیان کرێکار بوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕاستیدا ٩٩٪ی قوربانییانی تەقینەوەکە یا کرێکاری کۆمپانیا یا کرێکاری ڕۆژانەی بارکردن و دابەزاندن، یان ئەو شۆفێرانە بوون کە بۆ بارکردن لە شوێنەکەدا ئامادە بوون.

ناوبراو وتیشی تا ئێستا ١١ کرێکاری بەندەری ڕەجایی بێسەروشوێنن و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنوسیان لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا بڵاو کراوەتەوە کە لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی زیاتر لە ٣٠ کەس زیانێکی زۆر بەر چاو و بینینیان کەوتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کەسانێکی زۆر بە هۆی بەرکەوتنی لەتە ئاسن، شیشە، ماددە کانزاییەکان، دووکەڵ، خۆڵ و گەردیلەکانی تۆزی ئەو تەقینەوەیە زیانێکی زۆر بە چاو و دەمارەکانی چاویان کەوتووە و ئەمە کاریگەری لەسەر بینینیان داناوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تا ئێستا کاربەدەستانی پێوەندیداری ڕێژیم ژمارەی وردی ئەو کەسانەی کە چاویان لەدەست داوە یا تووشی زیانێکی جیددی بوونیان ڕانەگەیاندووە؛ بەڵام ئەندامانی تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن لە نەخۆشخانەکاندا ژن و پیاو بینراون کە تەنانەت چاویان دەرپەڕیوە یان خوێن لە چاویان دەهات و هندێکیان بۆ هەمیشە بینایی خۆیان لەدەست داوە.