
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیمی ڕێژیم، نزیک بە سێ هەزار کەس لە فەرمانبەرانی پیترۆشیمییەکانی پارێزگای ئیلام، بەهۆی مانەوەی پرۆژەکان، بێکار ماونەتەوە.
ئەحمەد کەرەمی ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، پڕۆژەکانی پێترۆشیمیی ئەم پارێزگایە، لەوانە پڕۆژەی دێهلۆڕان، سەرەڕای وەبەرهێنانی بەربڵاو لەم پارێزگایەدا، بەهۆی نەبوونی خۆراکی پێویست بۆ پێترۆشیمییەکان و هەروەها تەواونەبوونی هێندێلک لە پرۆژەکانی دیکە، بوونەتە هۆکاری بیکاربوونی نزیک بە سێ هەزار فەرمانبەر، لەم پارێزگایەدا.
ئەم قسانەی پارێزگاری ئیلام لەکاتێکدایە کە ماوەی ٦ مانگ لەمەوبەر، کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە لە سەر چۆنییەتی تەواوکردنی پڕۆژەکە بەڕێوە چبوو، بەڵام لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پڕۆژەکەدا دیار نییە.
پرۆژەی پیترۆشیمیی دێهلۆران کە بڕیار وەها بوو ساڵانە ٦٥٠ هەزار تۆن ئێتیلێن، پڕۆپیلێن و بێنزینی پایرۆلیز بەرهەم بهێنێت و نەوتی قورس ڕادەستی بازاڕە نیوخۆیی و دەرەکییەکان بکات، بەهۆی نەبوونی بوودجە و نەبوونی خۆراکی پێویستەوە، ماوەی دوو ساڵە هەروا ماوەتەوە و نزیک بە دوو هەزار کەس لە کارمەندانی ئەم پرۆژەیە بێکار بوونە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پارێزگای ئیلام سەرەڕای هەبوونی دەرفەتگەلی بەرچاو بۆ گەشە و ئاوەدانی، لە بواری بێکاری و هەژاریدا، یەکێکە لەو پارێزگایانە کە لە دۆخێکی سووردایە.
لەکاتێکدا کە ڕێژیم میلیاردها دۆلاری خەرجی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی بۆ ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا کردووە و هەروەها لە پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران، هەزاران پرۆژەی گەورەتر لە پرۆژەی دێهلۆرانی بە کاتێکی کەمتر بە ئاکام گەیاندووە، بەڵام تاکوو ئێستا ئەم پرۆژەیە و هەزاران پرۆژەی ئاوەدانیی دیکە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا بێئاکام ماوەتەوە.