کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی مای ساتۆ سەبارەت بە گوشارەکانی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی ڕۆژنامەوانان

11:36 - 19 جۆزەردان 2725

مای ساتۆ، ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە ئاماژەدان بە گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنەماڵەی ڕۆژنامەوانان، داوای لە وڵاتان کرد کە پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانانی دەربەدەری ئێران بکەن.

ماڵپەڕی ''پرۆژەی ڕاپۆرتکردنی تاوانی ڕێکخراو و گەندەڵی'' بە پشتبەستن بە هەواڵی چالاکانی ڕاگەیاندن و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، ڕێژیمی ئێران شەپۆلێکی نوێی تۆقاندن لە دژی ڕۆژنامەوانانی ئاوارەی ئێرانی و بنەماڵەکانیان لە نێوخۆی وڵاتی دەست پێ کردووە.

مای ساتۆ ئەم ڕاپۆرتەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دووبارە بڵاو کردەوە و نووسی: ''ئەم بابەتە نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئاوارەی کردووەتە ئامانج هەتا دەنگی ڕەخنەگران بێدەنگ بکات.''

ناوبراو وتوویەتی کە لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆی بۆ شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە کەیسی هاوشێوە کردووە و ئەمەش نیشانی داوە کە ''پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سنوورە نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنن و کاریگەرییان لەسەر ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە سەرانسەری جیهان هەیە.''

ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: ''داوا لە وڵاتان دەکەم کە پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانانی ئێرانی لە ئاوارەییدا بکەن و مێکانیزمی گونجاوی پاراستنیان بۆ دابین بکەن.''