کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی

11:40 - 19 جۆزەردان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کەریم ئەسغەری زاوای وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە لە شاری شوێشە سەر بە شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا هێزەکانی رێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر شوێنی کاری کەریم ئەسغەری لە شوێشە و بە توندوتیژیەوە دەسبەسەریان کردووە.

مێهرانە مورادی هاوسەری کەریم و خوشکی وریشەش لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کراوە.

کەریم ئەسغەری و مێهرانە مورادی پاییزی ساڵی ١٣٩٧یش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوون و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

وریشە مورادی ژنە چالاکی کورد ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە دەوروبەری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

وریشە پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢دا بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا. ئەم ژنە چالاکە پاش ٥ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.