
پرۆژە بە ناو ئاوەدانییەکانی سپای پاسداران و بەسیج لە ئێران بوونەتە هۆی نیشتنی زەوییەکانی پێتەخت و چەند شاری گەورەی دیکە، دابەزینی ئاستی ئاوەکانی ژێر زەوی لە ٥٤ دەشتی گەورە، وشکبوونی چەند تاڵاوی گرینگ و لەنێوچوونی هەزاران میتری دووجا لە دارستەکانی ئێران.
بەپێ توێژینەوەکانی "بەرنامەی ژینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" و بە دانپێدانانی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم، خەساری گەورەی ژینگەیی وەک وشکبوونی تاڵاوەکانی گاوخوونی، بەختگان، هاموون و هوورولعەزیم، نیشتنی زەوەی لە شارەکانی وەک تاران، ئێسفەهان و کرمان، دابەزینی ئاستی ئاوەکانی ژێر زەوی و لەنێوچوونی هەزاران میتری دووجا لە دارستانەکان، ئاکامی پرۆژەکانی سپای پاسداران و بەسیج لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە.
بە وتەی کازم نەدافی، توێژەری پێشووی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران، گەڵاڵە گەورەکانی بەناو ئاوەدانیی سپای پاسداران کە زۆربەی کات بەبێ هەڵسەنگاندنی ژینگەیی ئەنجام ئەدرێن، ساڵانێکە بوونەتە هۆی وشکبوونی تاڵاو و دارستانەکان و هەروەها دابەزینی ڕێژەی بارینی بەکەڵک لە ناوچە وشکەکانی ئێران.
بە بڕوای زۆرێک لە کارناسانی ژینگەیی، پڕۆژە گەورەکانی وەک دروستکردنی بەنداوەکان، گواستنەوەی ئاوەی بەنداوەکان و دروستکردنی ڕێگاوبان، بەبێ تێگەیشتنی ورد و دروست لە ژینگەناسی، دەتوانێت پاشەکەوتەکان بۆ داهاتوو بە یەکجاری لەنێو ببات و خەسارێکی قەرەبوونەکراو بە ژینگە بگەیەنیت.
ئەحمەد عەلەوی، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، نەبوونی کێبڕکێ، نەمانی کوالێتی و نەمانی بەرپرسیارەتیی، بە ئاکامی چڕبوونەوەی پڕۆژەکانی ئاوەدانیی لە ژێر دەستی دامەزراوە سەربازییەکان زانیوە کە بوونەتە هۆی قەیران و لەنێوچوونی سەرچاوە گرینگەکانی ژیان.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، زۆربەی ئەم گەڵاڵە بە ناو ئاوەدانکەرەوانە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن سپای پاسداران و ڕێکخراوی "بەسیجی سازەندگی"، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوە و وڵامێک بە کارناسان و لایەنەکانی پێوەندیدار بە پاراستنی ژینگەوە ئەنجام ئەدرێت کە ئاکامەکەشی بووەتە هۆی وێرانبوونی بەشێکی زۆر لە ژینگەی ئێران.
دەستێوەردانی سپای پاسداران و دامەزراوە سەربازییەکان لە ئێران تەنیا تایبەت بە بواری ژینگە نییە، سپای پاسداران لە زۆربەی پرۆژە و بڕیارەکانی حکوومەت، بەتایبەتی بواری ئابووری، دەستێوەردان دەکات کە ئاکامەکەی زیاتر هەموو کاتێکی دیکە بووەتە قەیرانی گەورەی ئابووری و داڕمانی بەهای دراوی ئێران.