کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمیی ئاو ڕووی لە کرماشان کردووە

11:47 - 19 جۆزەردان 2725

لە حاڵێکدا کە پارێزگای کرماشان بە ١٤ بەنداوەوە بە یەکێک لە ناوەندە ئاوییە گرینگەکان دادەنرێت، قەیرانی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم پارێزگایە گەیشتووەتە قۆناغێکی نیگەرانکەر.

ڕاپۆرتە فەرمییەکان سەبارەت بە دابەزینی بەرچاوی بارانبارین و دابەزینی بەرچاوی پاشەکەوتی بەنداوەکان و زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو، زەنگێکی مەترسی بۆ داهاتوویەکی نزیکیان لێ داوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە تا چەند بەڕێوەبردنێکی ناکارامە بەشداری لەم دۆخەدا کردووە؟

لە ساڵانی ڕابردوودا پڕۆژەی وەک هێڵی گواستنەوەی ئاوی ٧٠ کیلۆمیتری لە بەنداوی گاوشانەوە وەک چارەسەر پێشنیار کراوە؛ بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە بەنداوەکانی پارێزگاکە یان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی کەڵک لێ وەرگرتن وەک ''قشڵاق و ئاناهیتا''، یان بە باشی کار ناکەن وەک بەنداوەکانی ''ئازادی و زەمکان''.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێویستیی ئاوی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و زۆرێک لە ناوچەکان لەوان کرماشان، سونقورو کولیایی هێشتا لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدا لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوون.

لەلایەکی ترەوە قسەکردن لەسەر قەدەغەکردنی چاندنی برنج یان دانانی پێوەری زیرەک لەسەر بیرەکان، هەرچەندە بەڕواڵەت بڕیارێکی پێویستن، بەڵام ئەگەر بەشێک لە داڕشتنی سیاسەتێکی یەکگرتوو و بەردەوام و بەشدارانە نەبن، ئەوا گرژی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لە ئێستادا زۆرێک لە جووتیاران، بەبێ پشتیوانی بەدیل ڕووبەڕووی قەدەغەکردنی کتوپڕ بوونەتەوە، لەکاتێکدا هیچ چارەسەرێکی ڕوون بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان دابین نەکراوە.

بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان تەنیا لە ئامار و بەڵێنەکاندا سنووردار نییە؛ هەروەها پێویستی بە پێداچوونەوەی جیددی هەیە بە مۆدێلی گەشەپێدانی کشتوکاڵی، کۆنترۆڵکردنی ڕوون و زانستی بەسەر بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و گرینگیدان بە دادپەروەری ئاو لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە.