
ڕۆژی یەکشەممە ۱٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، مامۆستا سەیدعەبدولڕەحمان عەبدووڵڵاپوور ئەندامی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری خەڵکی بەردەقەلی ناوچەی لاجانی پیرانشار لە ئاوایی شێوەسماکی شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە ئاوایی قەڵاتەرەشێ گەورە بووە و دواتر لە حوجرەی مامۆستایانی ئایینی دەرسی خوێندووە و ئیزنی مەلایەتیی وەرگرتووە.
دواتر لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان پێشنوێژ و ئیمامی جەماعەت بووە.
مامۆستا لە ناوچەی دۆڵ دەشتەبێڵ پەیوەستی ڕیزەکانی تەشکیلاتی نهێنی دەبێ و لەگەڵ کادرەکانی شنۆ و دەشتەبێڵ و دزەی دۆڵێ پێوەندی درووست دەکات و کار و چالاکی دەست پێ دەکات و یەکێک لە مامۆستایانی چالاکی ئەو کات لە کاروباری تەشکیلات دەبێ.
ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بەم ڕێبازە مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.