
هاورده‌کارانی كاڵا خۆراکییه‌کان به مه‌به‌ستی که‌ڵکاژۆوه‌رگرتن له لاوازیی به‌ڕێوه‌به‌ریی به‌رپرس و ناوه‌نده پێوه‌ندیداره‌کانی ڕێژیم، تاڵان‌کردنی گیرفانی خه‌ڵک و گرانترکردنی ڕۆنی خۆراکی، له دابه‌شکردنی ئه‌و به‌رهه‌مه خۆراکییه له بازاڕه‌کانی ئێران‌دا خۆیان ده‌بوێرن.
له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆنی خۆراکی له بازاڕه‌کان ئێران‌دا به شێوه‌ی به‌رچاو که‌می کردووه و فرۆشیاران له‌وباره‌وه وتوویانه: "دابه‌شکاران و هاورده‌کاران به مه‌به‌ستی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی ڕۆن له بازاڕه‌کاندا ماوه‌یه‌که ڕۆن ناخه‌نه بازاڕه‌کان و ئه‌وه‌ش به شێوه‌ی به‌رچاو نرخی ئه‌و به‌رهه‌مه پێویستییه ڕۆژانه‌یه‌ی خه‌ڵکی زۆر گران کردووه و ئه‌و ڕه‌وته به‌و شێوه به‌رده‌وام بێت چاوه‌ڕوان ده‌کرێت چیتر خه‌ڵک توانای کڕینیان نه‌مێنێت".
ئه‌کبه‌ر فه‌تحی جێگری به‌رنامه‌داڕێژی وه‌زاره‌تی کوشتوکاڵی ڕێژیم له دژکرده‌وه به گرانی لەبارەی ڕۆنی خۆراکی وتوویەتی: "هاورده‌کارانی ڕۆن به‌هۆی دیارینه‌کردنی ماڵیاتی زێده‌بایی (ارزش افزوده) و شوێندانه‌ریی له‌سه‌ر نرخی کۆتایی ئه‌و به‌رهه‌مه له‌هه‌مبه‌ر دابه‌شکردنی ڕۆن به‌ربه‌ست دروست ده‌که‌ن".
ده‌وڵه‌تی پزشکییان له به‌رنامه‌ی بوودجه‌ی ١٤٠٤دا نرخی زێده‌بایی ڕۆنی خۆراکیی ١٠ له‌سه‌د دیاری کردووه به‌ڵام به وته‌ی ئه‌کبه‌ر فه‌تحی له کۆمیسیۆنی به‌رنامه و بوودجه‌ی مه‌جلیسی ڕێژیم‌دا گه‌ڵاڵه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی ڕۆنی خۆراکی بۆ یه‌ک له‌سه‌د پێشنیار کراوه.
فه‌تحی بۆ نکۆڵیکردن له لاوازیی به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆی و وه‌زاره‌ته‌که‌ی باسی له‌وه کردووه که کێشه له دابینکردنی ئه‌رز بۆ هاورده‌کردنی ڕۆنی خۆراکی نییه و له ئێستادا ڕۆنی پێویست هه‌یه و ئه‌و ڕۆنانه‌ی به مه‌به‌ستی گرانبوون به شێوه‌ی دڵۆپه‌یی ده‌خرێنه بازاڕه‌وه به‌رهه‌می پێشووترن".
پێشتر موحسین باقری، ئەندامی کۆمیتەی مووچەی شۆرای باڵای کار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا باسی له گرانبوونی ڕۆن هه‌تا ئاستی ٤٠ له‌سه‌دی کردبوو.
چه‌ند شتومه‌کی سەرەکی له ئێران‌دا له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا زۆر زیاتر هه‌ڵکشانی نرخیان به خۆوه بینیوه که بریتین له: برنج، ڕۆن، په‌تاته، ده‌رمان، گۆشتی سوور، گه‌نم و ده‌یان به‌رهه‌می دیکه.