
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە تەرمی محەممەد سینوار، فەرماندەی باڵای حەماس و کۆمەڵێک بەڵگەنامە لە یەکێک لە تونیلەکانی غەززەی دەست کەوتووە.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان بە هاوکاریی دەزگای ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل، شاباک، لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا، تەرمی محەممەد سینوار، برای یەحیا سینوار، ڕێبەری پێشووی حەماسیان لە تونێلێکدا لەژێر نەخۆشخانەی ئورووپایی غەززە، دۆزیوەتەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا پشتڕاست کراوەتەوە کە هاوکات لەگەڵ محەممەد سینوار، کۆمەڵێک بەڵگەنامە و کەرەستەی تایبەت بە ناوبراو و چەند فەرماندەی باڵای دیکەی حەماس لەم تونێلەدا دەستی بەسەردا گیراوە و هەروەها جەختیش کراوەتەوە کە چەند کوژراوی دیکەش لە تونێلەکدا دۆزراونەتەوە کە تاکوو ئێستا پرۆسەی ناسینەوەیان کۆتایی پێ نەهاتووە.
محەممەد سینوار کە جێگرەوەی محەممەد زەیف لە پاش مردنی بۆ بەرپرسایەتیی حەماس لە غەززە و برای یەحیا سینوار، ڕێبەری پێشووی حەماس بوو، ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕ لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ دەوروبەری نەخۆشخانەی ئوروپایی لە ناوچەی خان یوونسی غەززە، کوژرا.
بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەی عەرەبی، ئەرتەشی ئیسرائیل بە کەڵکوەرگرتن لە چەند تۆن بۆمب و مووشەک کە بە گازگەلی ژەهراوی تەیار کراون، هەموو ڕێگەکانی چوونەژوورەوە بۆ ژوورەکەی محەممەد سینواری لە تونێلەکانی دەوروبەری ئەم نەخۆشخانەیە کردبووە ئامانج.
چون شوێنی مانەوەی سینوار لە ژێڕ نەخۆشخانەکەدا بوو، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕێگەی ژەهراویکردنی تونێلەکانەوە بە بۆمبی تایبەت و تەیارکراو بە گازی ژەهراوی، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجام دابوو.
بەپێی زانیارییەکان هاوکات لەگەڵ محەممەد سینوار، ١١ کەس لە فەرماندە و ئەندامە باڵاکانی دیکەی حەماس لەم هێرشەدا کوژرابوون.
ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندووە کە گرووپی چەکداریی حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، شوێنە گشتییەکانی وەک قوتابخانەی منداڵان، نەخۆشخانەکان، مزگەوت و شوێنە قەرەباڵغەکان، دەکات بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی و بەم شێوەیە گیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەخاتە مەترسییەوە.
کاناڵی ئەلعەرەبییە پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە چەکدارانی حەماس پاش سێ ڕۆژ و کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، چوونەتە نێو تونێلەکانەوە و لەگەڵ ١٢ کوژراودا بەرەوڕوو بوونەتەوە کە یەکێکیان محەممەد سینوار بووە، بەڵام بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوەی ئێستای ئەرتەشی ئیسرائیل دەردەکەوێت کە چەکدارانی حەماس پاش هێرشەکە نەیانتوانیوە بچنە نێو تونێلەکانەوە و خۆیان بگەیەننە لای کوژراوەکانیان.
جێی ئاماژەیە کە لە ڕاپۆرتەکەی ئەلعەرەبییەدا هاتبوو کە محەممەد سینوار بە شێوەیەکی تەواو نهێنی هاتوچۆی دەکرد و تەنیا چەند کەسێکی تایبەت شوێنی مانەوەی ناوبراویان دەزانی و جەختیش کرابوویەوە کە پێشتر بەشێک لە بارمتەکانی ژێردەستی حەماس، لەگەڵ سینواردا و لەنێو ئەم تونێلانەدا بوونە.