
وزە بەهێزترین کارتی کورد لە هاوکێشەکانی ئێستای ناوچە و نێودەوڵەتی
ساسان خاتوونی
ژاک شیراک، سەرۆککۆماری پێشووی فەڕانسە لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕایگەیاند: شەڕەکانی داهاتوو نەک بۆ سنوورەکان، بەڵکوو بۆ دەست پێڕاگەییشتن بە سەرچاوەکانی وزە دەبێت. شیراک پێی وابوو ئەگەر هەنگاو بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانە و گەشەپێدانی بەردەوامی وزە نەگیرێتە بەر، ئەوە جیهان ڕووبەڕووی داهاتوویەکی گرژ و پڕ لە کێشە دەبێتەوە.
لە دونیای ئەمڕۆدا وزە فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گەشەی ئابووری. هەر هەرێم یا وڵاتێک بە چوونە نێو نەخشەی دابینکردنی وزە، ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو هاوکێشەکان و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی سیاسی و ئابووری و بەچوونە نێو ئەو مەیدانە، ئەو وڵاتانە ناتوانن لەبەر چاوت نەگرن. بەگشتی زۆر جار وڵاتان و بەتایبەتی زلهێزەکان لە کارتی وزە بۆ بەلاڕێدابردن و لە پەراوێز خستنی پرسەکانی وەک مافی مرۆڤ و ژینگە و ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان کەلک وەردەگرن و وڵاتانی تریش لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵیان بەردەوام دەبن و تەنانەت پەرەی پێ دەدەن. بۆ نموونە: شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین کە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێ کردوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە تەنیا بەریەککەوتنێکی سەربازی نیە، بەڵکوو ڕەهەندەکانی ژێئۆپۆلیتیکی وزەش کاریگەر بوون لە دروستبوون و بەردەوامبوونی ئەو شەڕە. ڕووسیە هەناردەکردنی گازی بۆ ئورووپا بەگشتی و وڵاتی ئاڵمان بەتایبەتی وەک ئامرازێکی گوشار بەکار هێنا. وڵاتانی ئورووپایی سەرەڕای هەموو پشتیوانییەکی دارایی و لۆجستیکی لە دەوڵەتی ئۆکراین، ڕادەی بازرگانیان لە بواری وزە لەگەڵ ڕووسیە لە هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکراین زیاتر بووە. لە ساڵی ٢٠٢٤ یەکیەتیی ئورووپا ٢٢ میلیارد یۆرۆی بۆ هاوردەکردنی نەوت و گاز لە ڕووسیە خەرج کردوە لە کاتێکدا هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئوکراین ١٩ میلیارد یۆرۆ بووە.
ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو ئاراستەیەکی نوێ دەڕوات و زۆر گرینگە کە کورد لەو گۆڕانکارییانەدا بەجێ نەمێنێت. لە هاوکێشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناویندا چەند پرسی گرینگ لە ئارا دان کە یەک لەوان پەیمانی ئیبراهیم (Abraham Accords) و ئەویتریان سەرچاوەکانی ئێنێرژییە. پەیمانی ئیبراهیم ساڵی ٢٠٢٠ لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرکۆماریی دۆنالد ترامپ لەلایەن ئامریکاوە لە نێوان ئیسڕائیل و چەند وڵاتی عەرەبی بە مەبەستی ئاشتی و هاوکاری ئەمنییەتی و ئابووری و پەیوەندی سیاسی ڕێک خرا. بابەتی سەرچاوەکانی وزە تا ڕادەیەک کارئاسانیی بۆ بەرفراوان بوونی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی ئیبراهیمدا دەکات. پەیمانی ئیبراهیم جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی گەشەی زیاتر ئابووری و بەرزبوونەوەی پێگەی سیاسی وڵاتانی عەرەبی ئەندام لەو پەیمانەدا، بەڵام پشکی سەرەکیی قازانج بۆ دەوڵەتی ئیسڕائیل و بە دیاریکراوی بەندەری "حەیفا" لە ئەو وڵاتە دەبێت و شاری حەیفا دەبێتە یەکێک لە گرینگترین بەندەرەکانی بازرگانیی جیهان. لە ئەگەری بەرفراوانبوونی بازنەی پەیمانی ئیبراهیم یا هەمان نەزمی نوێ (New Order) کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ پێناسە کراوە، تورکیە ڕکەبەرێکی کاتی دەبێت بۆ ئیسڕائیل بەڵام ناتوانێ لەبەرانبەر ئەم پلانە نوێیەدا دژی ئەو وڵاتە بوەستێتەوە و ئەگەر بیهەوێ پشکی بەر کەوێت، دەبێ هاوتەریب لەگەڵ تێلئاوێو کە پشتگیری ڕۆژئاوای لە پشتە هەنگاو بنێت.
کورد لە کوێی ئەو هاوکێشانەدایە؟
کوردستان بە هۆی دابەشبوونی و نەتەوەی کورد بە هۆی ئەوەیکە کیانێکی سەربەخۆی سیاسیی نیە، بەشێک لە پڕۆسەی پەیمانی ئیبراهیم نیە. بەڵام کورد دەتوانێ لە هەرچی زیاتر فراوانبوونی بازنەی پەیمانی ئیبراهیم سوودمەند بێت. وڵاتانی عێراق و سووریە لە ئەگەری پەیوەست بوون بە پەیمانی ئیبراهیم کە ڕەنگە لە داهاتوودا بە ناچارییش پەیوەست ببن، ئیسڕائیل لە یەک لە ڕێڕەوە گرینگە ئابوورییەکانی کەلوپەل- وزە، واتە ڕێڕەوی داوود (بەسرا، هەرێمی کوردستان، ڕۆژئاوا، ئەسوەیدا، ئەلتەنەف، حەیفا) براوە دەبێت و لەلایەکی ترەوە پێش بە بەهێزبوونی دەسەڵاتی دژە ئیسڕائیلی لە بەغدا و دەمیشق دەگرێت و لەو گۆڕەپانەدا بۆ سەرخستن و ناچار کردنی ئەو دوو وڵاتە، کورد دەتوانێت دەورێکی کاریگەر بگێڕێت و هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژئاوا پێگەی خۆی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکات. هەرێمی باشووری کوردستان خاوەن یەک لەسەر سێی پاشکەوتی نەوتی عێراقە و یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی گازی جیهانە (بە پشت بەستن بە داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان). لەلایەکی تر زۆرینە کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتی سووریە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دێموکرات دایە کە کورد فەرماندەیی دەکات.
کورد وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی دەتوانێت لە ڕێگەی دابینکردنی وزە بۆ جیهان بێتە نێو هاوکێشەکان و ببێتە یاریکەرێکی نوێی گۆڕەپانەکانە و کۆریدۆری داوود باشترین ڕێگەیە کە بگات بە بەندەری حەیفا و بچێتە نێو پڕۆسەیەکی گەورە کە ئیسڕائیل سەرپەرشتی دەکات. دەسەڵاتی سووریەی دوای ڕووخانی ئەسەد تەنیا ناوچەکانی دەمیشق و دەورووبەری لەژێر کۆنتڕۆلدایە و ئیسڕائیل بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات حکوومەتێکی بەهێزی ناوەندگەرای ئیسلامی توندڕەو لەو وڵاتە حوکم بکات، هەر بۆیە باشترین بژاردە بۆ سووریە کە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ئاسایشی ئیسڕائیل بپارێزێ و لە بەرانبەر گەورەبوونی بازنەی پەیمانی ئیبراهیم و دروستبوونی ڕێڕەوی داوود لەمپەر دروست نەکات و ڕێگر نەبێت، سووریەیەکی دیسێنترال و لامەرکەزییە کە ڕاستەوخۆ ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد مسۆگەر دەکات.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دوای هاتنەوەسەرکاری دۆنالد ترامپ لە کۆشکی سپی و لاوازبوونی هەژموونیی تاران لە بەغدا، ئیدارەی ترامپ چەند جار ڕاشکاوانە داوای لە حکوومەتی عێراق کردوە هەناردەی نەوتی کوردستان کە ڕاگیراوە، دەست پێ بکاتەوە. لە سەفەری ئەو دواییانەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، گرێبەستێکی زۆر گەورە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمریکایی لە بواری نەوت و گاز بە بەهای ١١٠ میلیارد دۆلار واژۆ کرا. دوای ئەو گرێبەستە هەر زوو وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە ئەو گرێبەستە نایاساییە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەیکە ئاگادارن هەرێم تووشی قەیرانی ئابوورییە و هەرچەشنە دیپلۆماسییەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی قووڵبوونی کێشەکان و نەناردنی بوودجە و دواکەوتنی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەبێ هیچ گەرەنتییەک لەلایەن وڵاتێکی وەک ئەمریکاوە توانای گرێبەستی تا ئەو ڕادەیە بەنرخیان دەبێت!؟
دوای واژۆکردنی ئەو گرێبەستە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ئاسایشی نێوخۆ و وەزیری وزە و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و دواتر مایک ڕۆبیۆ، وەزیریی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: یەک لە ستوونەکانی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ عێراق پابەندبوونی بەغدا بە ئۆتۆنۆمیی کوردەکانە و ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە هاوئاهەنگی باش لە نێوان ئیدارەی ترامپ و هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و ئەو گریمانەیە بەهێز دەکات کە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو گرێبەستە، ئەمریکا پشتگیری هەرێمی کوردستان بکات لە بەرانبەر بەغدا. هەروەها ماوەیەک پێش مایک ڕۆبیۆ سەبارەت بە سووریە ڕایگەیاند کە ڕەنگە ئەو وڵاتە تووشی شەڕی ناوخۆ و لێکهەڵوەشانەوە ببێت و ئەو قسانەی دەکرێ وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ دەمیشق بێت کە لە ئەگەر حکوومەتی نوێی سووریە پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل نەبێت، سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
لەلایەکی ترەوە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە چوونە نێو نەخشەی دابینکردنی وزە ڕەنگە تووشی چەندین ئالەنگاری ببنەوە بۆ وێنە بکەونە ململانێ لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک (OPEC) لەسەر ڕادەی هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوت. لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان ئەگەر بیهەوێ گاز ڕەوانەی وڵاتانی دراوسێ بکات ئەوە دەبێ لەگەڵ ئێران و ئەگەر بیهەوێ ڕەوانەی ئورووپای بکات لەگەڵ زلهێزێکی وەک ڕووسیە ڕکەبەری بکات. لێرەدا کورد وەک فاکتەرێکی نادەوڵەتی لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت بە سیاسەتێکی تۆکمەی پلان بۆ داڕێژراو خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات.