
فەرهەنگ، ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوە
ڕەزا دانشجوو
زنجیرە هێرشی هیستریکی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕەوتی بەناو بناژۆخوازی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی بۆ سەر چەند ژنێکی کورد بە تاوانی ئەسپسواری لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە پارێزگارانی چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان لە شاری سنە، ڕەنگە تازەترین ئاڵقەی چیرۆکی دوورودرێژی ڕق وکینە و دژایەتیی نەیارانی کورد و کوردستان لە بەرامبەر کولتووری کوردی بێت. دژایەتیکردنێک کە هەڵقوڵاوی بیروبۆچوونێکی چەپەڵ و نامرۆڤانەیە کە ئاشکرا دژی کورد و هەر شتێکە کە بە جۆرێک پەیوەندیی بە کورد و کوردستانەوە هەیە!
هەرچەندە هێرشبەران و ناحەزان ئەوجار هەوڵیان دا بە بەکارهێنانی تاقمێک چەمک و دستەواژەی بێبنەما وەک "دژایەتیی داب و نەریتی کۆمەڵگە" یان "دژایەتیی ئایین و شەریعەت" و بەکارهێنانی هەندێک دروشمی دووبارەبۆوەی وەک "غیرەتی کورد ڕێگە نادات" بە ئامانجی بریندارکردنی هەستی کەسانی هەست ناسک، هۆکاری دژایەتیکردنیان بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببەن، بەڵام ئاوڕدانەوەیەک کورت لە ڕابردوو بە ڕوونی نیشان دەدات کە واقعەکە شتێکی ترە. بە ڕاستی بۆ دەبێت ئەم بابەتە بێبایەخە وا لای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گرنگ بێت و کاردانەوەیەکی وەها گەورە بە دوای خۆیدا بهێنێت!
بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و دیتنەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم هێرشە هیستریانە دەبێت چاوخشاندنێکی کورتمان هەبێت بە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوودا! ئاشکرایە ئەم قەبارە هێرشانە ناتوانێت تەنها کاردانەوەیەک سادە بەرامبەر بە مەراسیمێکی پێشوازیکردنی بێبایەخ بێت. لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی ئەم هێرشە بەربڵاوانە ڕەگ و ڕیشەی لە جۆرێک بیرکردنەوەی فاشیستی دژی کوردی کۆماری ئیسلامییە و تەوای جودایە لە شەڕ و ڕکابەریی گاڵتەجاڕی ڕەنگەکانی ناو دەسەڵاتی ڕێژیمە! بۆ ڕونکردنەوە زیاتری ئەم باسە دەتوانرێت ئاماژە بکرێت بە شێوەی هەڵسوکەوتی تاقمێک بەناو ڕووناکبیر و مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە ڕێوڕەسمی نەورۆز ئەمساڵ لە کوردستان. ئەو جووڵانەوەی کە لەژێر ئالای فارسیزم و بە بیانووی بەرگری لە نەورۆز هێرشی کردە سەر ڕێوڕەسمی شکۆداری نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات. نووسراوەیەک کە بە ڕوونی دەرخەری ئەوپەڕی قین و کینەی نەیاران و ناحەزانی کوردستان لە کورد و کولتووری کوردی بوو. ڕۆژانێک پێش ئەم نووسراوە بێبنەما و بێبایەخە، جەماعەتی پانتورک بە فەرمانی ڕاستەوخۆ و بە پێشەنگی سپای پاسداران و ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم وەک کاردانەوەک بەرامبەر بە ڕێوڕەسمی پڕشکۆی نەورۆز لە ورمێ بە دروشمی "حەیدەر حەیدەر" گۆپاڵ بە دەست و بە لیباسی ڕەش ڕژانە سەر شەقامەکان و دوای ماوەیەک ڕێپێوان بە "لووراندن" و پێشاندانی نیشانی گورگ و دروشمی دژە کورد کوتاییان بە ڕێپێوان هێنا. پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە، هۆکاری ئەم هەموو دوژمنایەتییەی نەیارانی کوردستان و کوردستان بەرامبەر بە کولتوور و هێماکانی کوردی چیە؟ چی لە ڕێوڕەسم و سیمبولە فەرهەنگیەکانی کورددا هەیە کە ئەوەندە دوژمنانی کوردستان، لە پاشایەتیخوازی تاراوگەکانەوە تا ڕەوتی بەناو ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازەکانی نێو کۆماری ئیسلامی و تەنانەت مامۆستاکانی زانکۆ و خەڵکی بەناو ڕووناکبیر تووڕە و ناڕەحەت دەکات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی فەرهەنگ و کولتوور لە پاراستن و پێناسەکردنی شوناسی کورد و کوردستان بکرێت و توانای بێهاوتای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرچەشنە ئاسمیلەکردنی پێکهاتەیی و دوژمنایەتی ئاشکرا و ئامانجدارانەی داگیرکەران بەرامبەر بە کورد و کوردستان ببیندرێ. لە درێژەی ئەم بابەتە بە کورتی باس لە هەندێک لەو خاڵە گرنگانە دەکرێت.
بۆنە کولتوورییەکان ئامرازێک بۆ پێناسەکردنی شوناسی نەتەوەیی
بۆنە فەرهەنگییە جۆراوجۆرەکان و تەنانەت تاقمێک بۆنەی ئایینی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا و ڕەنگە لە لوتکەی هەموو ئەم ڕێورەسمانەدا، نەورۆز، لە دەرەوەی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی، دەرفەتێکی بێهاوتان بە ڕێزگرتن و زیندووکردنەوەی ئەو بەها و نۆرمانەی کە ساڵانێکە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا یان بە تەواوی قەدەغە و سەرکوت کراون، یان بە هۆی دەستێوەردانی بە ئەنقەستی داگیرکەران لە بنەڕەتدا سروشتێکی تەواو پێچەوانەیان بە خۆیانەوە گرتوە یان بە ساختەکاریی خاوەندارێتیان دراوە بۆ لایەنی دەسەڵات و ساحێب ماڵی لێ بێبەش کراوە! نەورۆزی ئەمساڵ ڕەنگە لوتکەی ئەم بزووتنەوەی ناسنامەخوازە بوو بێت، جووڵانەوەیەکی تەواو ناسیۆنالیستی لەسەر بنەمای بەها و نۆڕم و بایەخەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، بە پانتایی تەواوی ئەو جوغرافیا زیندانیکراوە لە ماکووە تا ئابدانان، یەکڕەنگ و یەکدەنگ، دەست لە نێو دەست، هاوار بۆ ڕزگاری و سەربەستی ڕوژهەڵات!
کولتوور هۆی یەکڕیزی و یەکدەنگی
خاڵێکی تری گرنگ کاریگەری سەرسوڕهێنەری کولتوورە و فەرهەنگ لەسەر یەکڕیزی و یەکگوتاری کۆمەڵگەیە. ڕەنگە گەورەترین هۆکاری ترسی داگیرکەرانی کوردستان لە فەرهەنگ و کولتووری کورد هەر ئەوە بێت. هەر ئەوەش بوو بە هۆکار کە سەرەڕای ساڵانێک سیاسەتی ئاسمیلەکردن و چاندنی تۆی دووبەرەکی بە تایبەت لە ڕێگەی پەرەپێدان و گەورەکردنەوەی جیاوازی مەزهەبی، کۆمەلگەی فەرەچشنی کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لە کولتووری پێکەوەبوون و یەک دڵ بوون توانی وێنەیەکی بێ هاوتا لە یەکڕیزی تۆمار بکات! ئاهەنگی شازانەی نەورۆز لە باشووریترین بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەریخست کە کۆمەڵگەی کوردی بە پشتگوێخستنی تاقمێک جیاوازیی گشتیی ساختەیی و چەسپاو چەندە لەسەر ڕێگای پێناسەکردنەوەی بەها کولتوورییەکانی خۆی سوورە!
کولتووری دەوڵەمەند
کولتوری دەوڵەمەندی کورد بە پشتبەستن بە سەروەت و سامانە بێشومارەکانی، لەم ساڵانەی دواییدا توانیویەتی سەرکەوتووانە بەسەر هەموو سنوورە درۆینەکاندا زاڵ بێت، سەرەڕای شەپۆلی بەردەوامی سانسۆر و سەرکوتکردن لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە، چاوی جیهانی بەڕووی واقیعەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا کردۆتەوە و بە یارمەتیوەرگرتن لە تایبەتمەندی ناوازەکانی دونیای دەرەوەی سەرسامی جوانە بێوێنەکانی خۆی کردوە.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەیان هەزار کەسیی نەورۆزی ئەمساڵ لە چەندین وڵاتی جیاواز لە دەرەوەی سنورە ساختەکانی کوردستان، هەروەها ئەو وێنە ناوازانەی کە لە نەورۆزی ئەمسال لە شۆنە جیاجیاکانی کوردستان تۆمار کران، توانییان بەشێک لەو سەروەت و سامانە دەوڵەمەندە کولتوورییەی کوردان بە جهان بناسێنن کە ساڵانێکە لە لایەن هێزە داگیرکەرەکان یان سانسۆر کراون یان بە ناوی دیکەوە بە جیهانیان ناسێندراون!
ڕاستی ئەوەیە، ئەوەی بناغەی کۆشکی زۆڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان دەلەرزێنێت، هەر شتێکە کە وێنەی ڕاستەقینە و بێ سانسۆری کۆمەڵگەی کوردی نیشان بدات! ئەو کولتوورە دەوڵەمەند و سەروەت و سامانە ناوازەی کوردە کە چاوی داگیرکەرانی کوردستانی کوێر کردوە! پێگەی ناوازەی ژنانی کورد لە کوردستان، سەرەڕای تاقمێک گرفتی تایبەت لە جوغرافیایەک کە پێی دەوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دڵنیایەوە لە لایەن تاقمێک حکومەتی دیکتاتۆر و کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری قەبووڵ ناکرێت. یەکسانی و بەرابەری ژن و پیاو، بە پشتبەستن بە کولتووری دەوڵەمەندی کورد، لەو شتانەن کە داگیرکەرانی کورد هەرگیز ئامادە نین جیهانی ئازاد لێی ئاگادار بێت! نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە دوژمنایەتیی داگیرکەرانی کورد زۆر زیاتر لەوەی ڕووبەڕووی تاکی کورد بێتەوە دژی کولتوور و سەروەت و سامانی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردییە!
مرۆڤ دەکرێت کۆمەڵکوژ بکرێت یان تا زیندان هەتاهەتایی بێت، بەڵام سەما و گۆرانی و شیعر و مۆسیقا ناکوژرێت. ڕەنگە بۆ ماوەیەک زیندانی و لە بەند بکرێت، بەڵام دواجار ڕێگایەک بۆ دەربازبوون دەدۆزێتەوە! هاوار دەکات و دەبێتەە دەنگی نەتەوەیەک! کولتوور فاکتەرێکە بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەیی، هۆکارێکە بۆ یەکریزیی و یەکگرتوویی، ئامرازێکە و کەرەستەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و قۆرخکاران!