کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوە لە کۆگای پۆڵای نەتەنز ٧ کوژراو و بریندارێکی لێ کەوتەوە

11:04 - 20 جۆزەردان 2725

لە سایەی کەمتەرخەمیی دامودەزگاکانی چاودێر و لاوازی لە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی ئیمەنی پیشەیی، ڕووداوێکی تری تەقینەوە لە یەکێک لە ناوەندە پیشەسازییەکانی ئێران ڕووی دا.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی شاری نەتەنز باسی لە تەقینەوەیەک لە یەکێک لە یەکەکانی کۆگای پۆڵای شەریفی خالیدئاباد کرد و ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کرێکارێک و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە.

ڕەسووڵ غوڵامیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ''تەسنیم'' وتی: ''ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دوای تەقینەوەی تانکیەکی گاز لەم کۆگا پیشەسازییە، کرێکارێکی ئەفغانستانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.

غوڵامیان هەروەها ڕایگەیاند کە تا ئێستا هۆکاری وردی ڕووداوەکە دیاری نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم ڕووداوانە کرێکارانن، کە زۆرجار لە بارودۆخی سەخت و بەبێ بیمەی پێویست و کەمترین کەرەستەی خۆپارێزی کار دەکەن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێژەی تەقینەوە و ڕووداوە پیشەسازییەکان لە ئێران بە شێوەیەکی نیگەرانکەر زیادیان کردووە؛ لە شیرکەتەکانی پێترۆشیمی تا شیرکەتی پۆڵا و کارگە بچووکەکان، نزیکەی هەموو حەفتەیەک ڕاپۆرتی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بڵاو دەبێتەوە.

لە زۆرێک لەم حاڵەتانەدا نەک هەر هۆکاری ڕووداوەکە بە ڕوونی نەخراوەتە ڕوو، بەڵکوو وڵامێکی دیاریکراویش لەلایەن دامەزراوە بەرپرسەکانەوە نییە.