
هاوکات لەگەڵ ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بابەتی پیتاندنی ئورانیۆم و پێداگریی دوو لایەن لەسەر داخوازییەکانیان، ڕۆژی پێنجشەممە و یەکشەممەی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی دانیشتنەکان دیاری کراوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە دوو لایەن ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی جۆزەردان لە ئۆسلۆ، پێتەختی نۆروێژ، کۆ دەبنەوە و هاوکات لایەنی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە دانیشتنەکە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردان، بۆ جارێکی دیکە لە مەسقەت ئەنجام دەبێت، بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئۆسلۆ دەبێت.
وێدەچێت وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی ٢٢ـەمین دانیشتنی کۆڕبەندی ئۆسلۆ، جاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکایی، پێش لە دانیشتنی شەشەم لە عومان هەبێت.
ململانێکانی دوو لایەن بەتایبەتی لەسەر بابەتی پیتاندنی ئورانیۆم گەیشتووەتە لووتکە، بە شێوەیەک کە هەر دوو لایەن ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ جۆرێک لەسەر ئەم بەشە لە وتووێژەکان پاشەکشێ ناکەن.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردان بۆ جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادات کە لەنێو خاکی ئێراندا پیتاندنی ئورانیۆم ئەنجام بدات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە لەهەوڵدایە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، پێش بە وێرانی و مەرگ، بگرێت.
جێی ئاماژەیە کە ٢٢ی جۆزەردان، ماوەی دوو مانگ بە سەر دانیشتنەکانی نێوان ئێران و ئەمریكا تێدەپەڕیت. پێش لە دەسپێکی وتووێژەکان دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو کە تەنیا دوو مانگ کات بە کۆماری ئیسلامی ئەدات کە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەری کێشە ناوکییەکان بکات.
ترامپ هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر پاش دوو مانگ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بە هیچ ئاکامێکژ نەگەن، هێرشی سەربازی دەکرێتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
هاوکات لەگەڵ هەموو ئەم بابەتانە، ماڵپەڕی ئاکسیۆس باسی لە دانیشتنی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتەکەی لە ڕۆژی یەکشەممەدا و هەروەها وتووێژی تلفۆنیی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس، جەی دی وەنس، جێگری ترامپ، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری و چەند بەرپرسی باڵای دیکەی دەوڵەتی ئەمریکا، هاوکات لەگەڵ ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتی ترامپ بۆ وتووێژەکان لەگەڵ ئێران، لەم دانیشتنەدا بەشدار بوون.
لە لایەکی دیکەوە وێدەچێت کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، کۆماری ئیسلامی بەفەرمی پێشنیارەکەی ئەمریکا ڕەت بکاتەوە.
پێشتر وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، بە قازانجی ئێرانە کە بەم پێشنیارە بۆ پێشگرتن لە ڕووداوگەلی مەترسیدار ڕازی ببێت.
هەر چەند کە پێشتر باس لە ئەگەرەکانی بەڕێوەنەچوونی خولی شەشەمی دانیشتنەکان لەلایەن چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکاییەوە کرابوو، بەڵام وێدەچێت خولی شەشەم لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێوە بچێت و ئەگەری هەیە بە لەبەرچاوگرتنی تەواوبوونی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترامپ، ئەمە کۆتا دانیشتنی دوو لایەن بۆ چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماتیکەوە بێت.