
شه‌پۆلی له‌سێداره‌دانه‌کان له ئێرانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی‌دا ته‌نیا تایبه‌ت به هاووڵاتییانی ئێرانی نییه و به‌پێی به‌یاننامه‌ی ڕۆژی سێـشه‌ممه‌ی ٢٠ی جۆزه‌ردانی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان، ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاوی له‌سێداره‌دانەکان تایبه‌ت به هاووڵاتییانی ئه‌فغانستانییە.
له درێژه‌ی به‌رده‌وامیی ناڕه‌زایه‌تیی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان له‌مه‌ڕ دژایه‌تیی سزای له‌سێداره‌دان و له ٧٢هه‌مین حه‌فته‌ی چالاکیی مانگرتن له خواردنی خۆیاندا له دووتوێی به‌یاننامه‌یه‌کدا له‌مه‌ڕ له‌سێداره‌دانی هاووڵاتییانی ئه‌فغانستانی هۆشداریی دا.
به‌یاننامه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٠ی جۆزه‌ردانی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌حکوومکردنی شه‌پۆلی نوێی ڕه‌وتی له‌سێداره‌دانه‌کان له ئێران، داوای له ناوه‌نده مافی مرۆییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان کرد دژکرده‌وه‌ی جیدییان له‌و باره‌وه ببێت.
نووسه‌رانی ئه‌و که‌مپه‌ینه له به‌شێک له‌و به‌یاننامه‌دا نووسیویانه: "له سه‌ره‌تای مانگی جۆزه‌ردانه‌وه هه‌تا ئێستا زیاتر له ٩٥ که‌س و ته‌نیا له ڕۆژی ١٢ی جۆزه‌رداندا ١٦ که‌س له سێداره دراون".
زانیارییه‌کانی ئه‌و که‌مپه‌ینه باس له‌وه ده‌که‌ن سزای له‌سێداره‌دانی ٨ که‌س له‌و ئاماره له به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار جێبه‌جێ کراوه.
له ئێستادا ٤٧ به‌ندیخانه له سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا ئه‌ندامی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دانن.
له‌و به‌یاننامه‌دا بۆ جارێکی دیکه ئه‌ندامانی ئه‌و که‌مپه‌ینه له‌سه‌ر دژایه‌تیی ڕێسا یاسایی و ئه‌خلاقییه‌کانی سزای له‌سێداره‌دان جه‌خت کراوه‌ته‌وه و هه‌تا کاتێک په‌تی سێداره له پێکهاته‌ی یاسایی ڕێژیمی ئێران هه‌ڵنه‌گیردرێت، به‌ستێنی ئازادی و دادپه‌روه‌ری مسۆگه‌ر نابێت و تاوانه‌کان کۆتایی پێنایه‌ت.
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌دا هاتووه: "هیچ دۆخێکی تایبه‌ت و پاساوێکی کلتووری، سیاسی و ئه‌منییه‌تی ناتوانێت ڕه‌وایی به وه‌ها سزایه‌کی دژه‌مرۆییانه بدات".