کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی تاران دەسبەسەرکرانی کوڕ و بووکەکەی بە تاوانی گەندەڵی پشتڕاست کردەوە

17:21 - 20 جۆزەردان 2725

کازم سدیقی، پێشنوێژی تاران و بەرپرسی ستادی "ئەمری بە مەعرووف"ـی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردان، دەسبەسەرکرانی کوڕەکەی و هاوسەری کوڕەکەی، پشتڕاست کردەوە.

سدیقی کە خۆی یەکێکە لە تۆمەتبارانی گەندەڵیی بەربڵاو لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵدەریی تەسنیمی ڕاگەیاندووە کە ماوەی حەفتەیەکە کوڕەکەی و بووکەکەی بە حوکمی دادوەری، دەسبەسەر کراون.

ناوبراو بەبێ ئاماژەدان بە تاوانی ئەنجامدراو لەلایەن ئەم دوو کەسەوە زیادی کردووە کە هیچ بەدواداچوونێکی بۆ ئەم دۆسییە نەکردووە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سەر بە ڕێژیم، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم دوو کەسە لە بنەماڵەی کازم سدیقی، سەرپێچیی جۆراوجۆر و کەینوبەین ڕاگەیەندراوە و وردەکارییەکی زیاتر نەخراوەتە ڕوو.

دەسبەسەرکرانی کوڕی کازم سدیقی و هاوسەرەکەی لەکاتێکدایە کە پێشتر خۆی بە هاوبەشیی کوڕەکانی لە گەندەڵییەکی دیکەدا، باخێکیان بە ڕووبەری ٤٢٠٠ میتری دووجا، لە ناوچەی "ئۆزگوڵ"ـی تاران کە یەکێکە لە ناوچە گرانەکانی پێتەختی ئێران، داگیر کردبوو.

کازم سدیقی، پێشنوێژی دیاریکراوی تاران کە وەک کەسێکی متمانەپێکراو لەلایەن عەلی خامنەییەوە دێتە ئەژمار، سەرەتا کە هەواڵی داگیرکاریی ئەم باخە بڵاو بوویەوە ڕایگەیاندبوو کە واژۆکەی بۆ گواستنەوەی خاوەنداریەتی ئەم باخە، واژۆیەکی ساختەیە و خۆی نەیکردووە، بەڵام دواتر "حەوزەی علمییە"ـی تاران پشتڕاستی کردەوە کە کازم سدیقی خۆی چووەتە نووسینگە و بەڵگەنامەکانی بۆ گواستنەوەی خاوەنداریەتی باخەکە واژۆ کردووە.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە گەندەڵیی بەرپرسانی باڵای ڕیژیم و بنەماڵەکانیان بەتایبەتی گەندەڵییە ئابوورییەکانیان لەقاو ئەدرێت و بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام هیچ کات ئەم دۆسییانە تا کۆتایی بەدواداچوونیان بۆ ناکرێت یان بە شێوەیەک سەرپۆشیان دەخرێتە سەر و دۆسییەکەیان لەلایەن دەزگای بەناو دادوەرییەوە بەبێ تاوانباربوون، چارەسەر دەکرێت.

زۆربەی گەندەڵییە سیستماتیکییەکان لە نێو ئێراندا لە ڕێگەی کەینوبەینی سیاسی و ئابووریی منداڵانی بەرپرسانەوە کە بە "ئاقازادەکان" دەناسرێن جێبەجێ دەکرێت.