
زمان چەکی بەرگری و مانەوە
ئەحمەد ڕەحمانی
زمان ئامرازی ئاخاوتن، وێژمان، نووسین و لە یەکگەیشتنە. زمان هۆی گەشەی بیرو هزری مرۆڤە و دەبێتە شوناسی هەر گەل و نەتەوەیەک و ئەم گەل و نەتەوە بەو زمانەوە دەناسرێتەوە کە سەر بە چ بنەچە و ڕەچەڵەک و بناغەیەکە و ڕێڕەوی قۆناغەکانی گەشەسەندنی بە درێژایی مێژوو دەست نیشان دەکات و سەلمێنەری هۆوییەت و بوونی ئەو گەل و نەتەوەیە لە سەر ئەم خاک و هەڵکەوتە دێموگرافییەیە کە تێیدا دەژی. زۆر شتێکی سروشتی و ئاساییە زمان لەگەڵ هەڵکەوتەی چاخەکانی مێژوودا پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینی و هێما و پێتەکانی گۆڕانکارییان بەسەردا بێ و زمانیش هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ و شکڵ و شێوەی نووسین و تەنانەت گۆکردن و دەربڕینیشی (فۆنەتیک) جوانکاری و زەریفکاری بەپێی قۆناغی مێژوویی خۆی بەخۆیەوە ببینێ بە بەراورد لە گەڵ قۆناغ و چاخی پێشووتری زمانیش وەک کۆمەڵگە بە چەقبەستوویی نامێنێەوە.
ئەوەی کە لەم قۆناغانەدا گرینگە و جێی تێڕامان و لێ وردبوونەوەیە، زمان نەگاتە ئاستی چەقبەستن یان پووکانەوە و لەنێوچوون کە بەخۆشییەوە زمانی کوردی سەرەڕای هەموو قۆناغە دژوار و ئەستەمەکانی مێژوو کە بە سەری هاتوە و زۆر جارانیش کەوتۆتە ئاستی ئاسیمیلەبوون، بەڵام هەر لە ڕەوتی پێشڤەچوونی خۆیدا بەردەوام بووە و زۆرجارانیش کە ئاستەنگی گەورەی هاتبێتە سەر ڕێگا لە گەشەی خۆی نەوەستاوە و خۆی گونجاندوە لەگەڵ ئەم بارودۆخەی کە بۆی هاتۆتە پێش و بە پێی دەرفەت و ئیمکان هۆوییەت و بوونی خۆی پاراستوە. هاوتخووبی واتە هاوسنووریی گەل و نەتەوەکان بیگومان کاریگەری دەکاتە سەر زمانەکان و ئەمەش هۆیەکە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە و لە یەکگەیشتن لە نێوان ئەو گەل و نەتەوانەدا و تەنانەت چێکردنی کاریگەری کولتووری؛ واتە زمان هۆی لە یەکنزیکبوونەوەی گەلانە بە ئاراستە پۆزێتیڤیەکەی. زمان چەکی بەرگری و هۆی مانەوەی ئەو گەل و نەتەوانە بووە کە کەوتوونەتە بەر بەرداشی داگیرکاری و هەوڵی لەنێوچوون و توانەوەیان لە لایەن نەیار و دوژمنەکانیان دراوە و لێرەدایە گرینگی ئەم چەکە واتە زمان و ڕۆڵەکەی دەردەکەوێ و ناهێڵێ سیمای گەلی و نەتەوەیی ئەم گەل و نەتەوەیە بەهۆی داگیرکارییەوە بشۆردرێتەوە.
ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە سەرەڕای هاتنە سەرکاری ڕێژێمە دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەرەکان یەک لە دوای یەکتر بە تایبەتی لە نزیک بەم سەد ساڵەی ئەم دواییانە، نەک نەیتوانیوە زمانی کوردی بەرەو لە نێوچوون ببات، بەڵکوو بۆتە هۆی بووژانەوەی زیاتری زمانی کوردی و ئەم هەستە ناسیۆنالیستییە زیاتر لە زماندا ڕەنگی داوەتەوە، بە تایبەتی لە ئەدەبیاتدا و بۆتە چەکێکی بەهێز بۆ بەرگری و مانەوە و زیاتر هەستی کوردبوونی دنە داوە. هاتەریب لەگەڵ خەباتی چەکداری و جەماوەری ڕۆڵی گرینگی بینیوە. ئەگەر بۆ بەر لە هەشتا ساڵ بگەڕێینەوە سەرەڕای یاساغ بوونی زمانی کوردی لە وڵاتی ئێران و تەنانەت پۆشینی جلوبەرگی کوردی و بەفەرمی نەناسینی زمانی کوردی لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی، بەڵام دەبینین لەو سەردەمیشدا بە پێی دەرفەت و ئیمکان زمانی کوردی بە هەموو شێوە دیالێکت و زارەکانیەوە هەر لە بەرەو پێشچووندا بووە و نەوستاوە. دامەزرانی کۆماری کوردستان و گرینگیدانی کابینەی کۆماری کوردستان بە زمانی کوردی، دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤار، کردنەوەی قوتابخانە، شانۆ و سرود، بەکارهێنانی زمانی فەرمی لە دام و دەزگا حکومییەکان و نووسراوەکاندا بوو بەهۆی ڕاماڵینی هەوری داگیرکاری یاساغبوونی زمان لەو سەردەمدا. لە سایەی کۆماری کوردستان دەرگایەکی تر بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و زمان کەوتە بووژانەوە. فاکتێکی دیکە بەخێرایی گەشەسەندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو سەردەمدا هاتنی کوردانی پارچەکانی کوردستاندا بوو، بە تایبەتی باشووری کوردستان، چوونکە لە باشووری کوردستاندا زمانی کوردی ئەو یاساغبوونەی وەکو پارچەکانی دیکە کوردستان پێوە دیار نەبوو. زمان لەوێ باشتر گەشەی سەندبوو، دەرفەتی چاپکردنی کتێب و دەرکردنی ڕۆژنامەو گۆڤار و خوێندنی زمانی کوردی و مۆسیقاو گۆرانی و شانۆ هەلێکی زێڕین بوو. هاوتخووب بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان سەرەڕای پاراستنی بواری ئاسایشی دوو وڵاتی ئێران و ئێراق نەیتوانی ئەم پەیوەندییە کەم ڕەنگ بکاتەوە و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا ئەم تەمی داگیرکارییە بە تەواوی ڕەوییەوە و کۆماری کوردستان وەک نۆبەرەی کۆماری کوردان بوو بە جێی هیوا و خەڵکی ڕوویان تێدەکرد، لە هەمان کاتیشدا خۆیان تێیدا دەبینییەوەو ئەرک وەخۆگر بوون. بەداخەوە گەرچی کۆماری کوردستان لە تەمەنی یازە مانگیدا بە هۆی پیلانی دەرەکی و نێوخۆیی نەیارانی کورد لە ناوچوو، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی لە سێدارە دران، بەڵام زمانی کوردی بە گوڕتر لە جاران لە بەرەو پێشڤەچووندا بوو، چوونکە میراتگری کۆماری کوردستان حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوو کە لە سەر ڕێچکەی کۆماری کوردستان مایەوە و هەنووکەش لە دوای قۆناغێکی دیکەی خەبات ئەم ڕەساڵە مێژوویە دەپارێزێ و بەردەوام بۆ بەرزڕاگرتن و مانەوەی قوربانی دەداو مایە لە خۆی دادەنێ و ناهێڵی ڕەوتی بەرەوپێشچوونی زمانی کوردی لە گەشە بکەوێ، بە خۆشییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوتەریب لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی سیاسی و چەکداری هێزو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەبات و چەکی بەرگری و پاراستنی زمانی کوردی لە شێوەگەلی جیاوازدا خۆی وێنا دەکا، سەلمێنەری زیندوومانەوەی خۆیەتی.