
سه‌ره‌ڕای پشکنینی خانووی چوار هاووڵاتیی به‌هایی به‌بێ به‌ڵگه‌ی یاسایی له‌لایه‌ن هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمەوە له شاری یه‌زد و ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی که‌لوپه‌لی تاکه‌که‌سییەکانیان، به شێوه‌ی توندوتیژانەش ده‌سبه‌سه‌ر کراون.
به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوه مافی مرۆییه‌کان، له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی به‌هایی به ناوه‌کانی سامان زائێر، سوهه‌یل ڕۆحانی فه‌رد، میلاد محه‌ممه‌دی و نه‌سیر محه‌ممه‌دی له دوای پشکنینی خانووه‌کانیان به‌بێ نیشاندانی به‌ڵگه‌ی یاسایی به شێوه‌ی توندوتیژانه له‌لایه‌ن هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر کراون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌کان، له ڕه‌وتی ده‌سبه‌سه‌رکرانی ئه‌و چوار هاووڵاتییه به‌هاییه و پشکنینی خانووه‌کانیان، ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌کانیان باسیان له‌وه کردووه که زێڕ، له‌پتاب، هارددیسک و تلفۆنی ئه‌و هاووڵاتییه به‌هاییانه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
یه‌کێک له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و ده‌سبه‌سه‌رکراوانه ڕایگه‌یاندووه: "هێزه‌کانی ڕێژیم به ده‌موچاوی داپۆشراو قفڵی درگای خانووه‌کانیان شکاندووه، ڤیدیۆیان له که‌لوپه‌لی خانووه‌که هه‌ڵگرتووه و به دروستکردنی جه‌وێکی ترسێنه‌ر جه‌سته‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌مانیان پشکنیوه".
شایانی باسه هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم له کاتێکدا خانووی میلاد محه‌ممه‌دی یه‌کێک له ده‌سبه‌سه‌رکراوانیان پشکنیوه و که‌لوپه‌لی خانووه‌که‌یان تێک داوه که ناوبراو له‌گه‌ڵ خێزانی له ماڵی خه‌زووری بووه و دواتر هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر خانووی خه‌زووری و به‌و هۆیه‌شه‌وه ماڵی خه‌زووریشیان پشکنیوه".
له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا سه‌دان هاووڵاتیی به‌هایی له شاره‌کانی یه‌زد، تاران، شیراز، که‌ره‌ج، ئێسفه‌هان و به‌نده‌رعه‌باس به‌و شێوه‌یه ده‌سبه‌سه‌ر کراون.
به‌هاییه‌کان گه‌وره‌ترین که‌مینه‌ی ئایینیی غه‌یره‌موسڵمانن که سه‌ره‌تای ساڵی ١٣٥٧وه، به شێوه‌ی سیستماتیک که‌وتوونه‌ته به‌ر هێرش و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمه‌وه.
سه‌رچاوه‌ی نافه‌رمییه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن زیاتر له ٣٠٠ هه‌زار به‌هایی له ئێران‌دا ده‌ژین.
له یاسای بنه‌ڕه‌تیی ڕێژیمی ئیسلامی‌دا ته‌نیا ئایینه‌کانی ئیسلام، مه‌سێحی، یه‌هوودی و زه‌رده‌شتی به فه‌رمی ناسراون.