کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم موجاهد کوورکووری لە سێدارە دا

11:24 - 21 جۆزەردان 2725

کۆماری ئیسلامیی ئێران، "عەباس کوورکووری" ناسراو بە "موجاهد کوورکووری"ـی، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کیان پیرفەلەک، منداڵی ٩ ساڵەی خەڵکی ئیزە کە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینا کوژرا، لە سێدارە دا.

بەرەبەیانی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، موجاهدی بە تۆمەتی "افساد فی الارض" و موحاربە، لە سێدارە دا.

دۆسییەی موجاهد، هاوشێوەی زۆربەی دۆسییەسازییەکانی ڕێژیم بەتایبەتی بۆ ناڕازییان و دژبەرانی سیاسی، پڕ لە چەواشەکاری و پێشێلکاری بوو، بە شێوەیەک کە بنەماڵەی کوژراوی دۆسییەکە، کیان پیرفەلەک، بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندبوو کە هیچ سکاڵایەکیان لە موجاهد کوورکوور نییە.

دایک و باوکی کیان پێشتر بە بڵاوکردنەوەی چەند گرتە ڤیدیۆ و نووسراوەیەک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایانگەیاندبوو: "ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان کە هێزەکانی ڕێژیم تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ماشینەکەمان کرد و کوڕەکەمانیان کوشت".

ڕێژیم دواتر و لە ژێر گوشارەکاندا تۆمەتی کوشتنی کیان پیرفەلەکی لەسەر موجاهد لا برد، بەڵام بۆ جارێکی دیکە بە تۆمەتی موحاربە، ناوبراوی بە سزای سێدارە مەحکووم کردەوە.

لە ئێستادا و بە لەسێدارەدانی موجاهد، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کیان پیرفەلەک، ڕێژیم دەیهەوێت وەها نیشانی بدات کە موجاهد دەستی لە کوشتنی کیاندا بووە و سەرپۆش بخاتە سەر تاوانێکی دیکەی هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی.

موجاهد تەنیا قوربانیی ڕێژیم بۆ سەرپۆش خستنەسەر تاوانی کوشتنی کیان نەبوو، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا گوشارێکی زۆری بۆ بنەماڵەی پیرفەلەک و کوورکووری هێنابوو.

دوو ساڵ پێش ئێستا و هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونی کیان لە ساڵی ١٤٠٢، هێزەکانی ڕێژیم، پوویا مەولاییڕاد، ئامۆزای ماهمۆنیر مەولاییڕاد، دایکی کیان پیرفەلەکیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کرد و پاشان ناوبراو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

 

هەروەها دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، جیا لە موجاهد، دۆسییەی بۆ چەند هاووڵاتییەکی دیکەی شاری ئیزە لە پێوەندیی لەگەڵ کوشتنی کیاندا دروست کردبوو کە دواتر دایک و باوکی کیان پشتڕاستییان کردەوە لە هیچکەس سکاڵایان نییە و خۆیان بە باشی دەزانن کە کوڕەکەیان بەدەستی کێ کوژراوە.