
هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەسەڵاتی بە ناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان لەسێدارەدانی ٩ زیندانی ڕاگەیاند کە لە ساڵی ١٣٩٦ بە تۆمەتی "موحاربە، بەغی و شەڕی چەکداری دەسبەسەر کرابوون.
میزان، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناسنامە، ڕەگەز، کات، یان شوێنی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییانە بکات، ئەوانی وەک ئەندامانی "گرووپی داعش" ناوی بردووە و نووسیویەتی: "دوای دەسبەسەرکردنیان بەپێی ڕێکاری یاسایی و ڕێوشوێنی دادوەریی ئەو ٩ کەسە لەسێدارە دراون.
هەروەها نووسیویەتی کە ئەو کەسانە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ هەوڵیان دەدا لە ناوچەی ڕۆژاوای ئێران بێنە ناو ئێرانەوە بەڵام و لەلایەن هێزەکانی "قەرارگای نەجەفی سپای پاسدارانەوە" گەمارۆ درابوون و تووشی شەڕ بوون کە لەو شەڕەدا سێ ئەندامی سپای پاسدارانیش کوژران.
بەگوێرەی هەواڵدەریی دەسەڵاتی دادوەری ڕێژیم، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەسەر ئەو دۆسییەیە، دادگای ئینقلاب سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو نۆ کەسەدا سەپاند و دوای پشتڕاستکردنەوەی سزاکەیان لەلایەن دادگای باڵا، لەسێدارەدران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە ئێرانی مەحکووم کردبوو و خوازیاری وڵامدانەوەی خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی بێوێنەی لەسێدارەدان لەو وڵاتە بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ماوەی هەشت مانگ و ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم هەزار و ٢٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون؛ واتە بە تێکڕا هەر شەش کاتژمێر جارێک کەسێک لە سێدارە دراوە.
زیادبوونی ژمارەی سزای لەسێدارەدان کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ئێراندا بەسەر خەڵکدا سەپێندراون و پشتڕاست کراونەتەوە و لە سێدارە دراون، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش چەندین جار داوای ڕاگرتنی ئەو سزایانەیان کردووە و داوای ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان کردووە.