کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرانەوەی دەرگاکان بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە؛ ئەمریکا و ئورووپا پێشنووسی بڕیارنامەیەکیان ڕادەستی شۆرای حوکام کرد

12:15 - 21 جۆزەردان 2725

بەپێی زانیارییەکان لە چەند سەرچاوەی ڕۆژاواییەوە، ئەمریکا و ترۆئیکای ئورووپایی، بە فەرمی پێشنووسی بڕیارنامەیەکیان بە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕادەستی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، هەواڵدەریی فەڕانسە لە زاری سێ سەرچاوەی دیپلۆماتیکەوە ڕایگەیاندووە کە سێ وڵاتی ئاڵمان، ئینگلیس و فەرانسە، هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا، بڕیارنامەی پێشنیاریی خۆیان ڕادەستی شۆرای حوکام کردووە.

ئەم هەواڵدەرییە زیادی کردووە کە پێشنووسەکە داوا لە ئێران دەکات، دەستبەجێ پێشێلکارییەکانی خۆی لەهەمبەر پێبەندییەکان بە بەڵێننامەی پەرەنەدان بە چەکە ئەتۆمییەکان قەرەبوو بکاتەوە.

بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، نووسەرانی پێشنووسەکە لە بڕیارنامە پێشنیارییەکەیاندا نووسیویانە: "ئەوەی کە ئاژانسی وزەی ناوکی ناتوانێت دڵنیا بێتەوە لەوەی کە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران ئاشتیخوازانەیە، کۆمەڵێک پرسیاری دیکە دەهێنێتە ئاراوە کە لە دەسەڵاتی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە".

بڕیارە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەقی ئەم پێشنووسە بەمەبەستی پەسەندکردن بخرێتە بەر دەنگی شۆرا.

ئەگەر پێشنووسەکە لەلایەن شۆراوە دەنگ بهێنێتەوە، بۆ یەکەم جار دەبێت لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی پێبەندییە ناوکییەکانی خۆی، بە فەرمی تۆمەتبار دەکرێت.

ئەم خولە لە دانیشتنەکانی شۆرای حوکام، لە ڕؤژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانەوە دەستی پێ کردووە.

ڕافائێل گڕووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ناوکی لە ڕۆژی یەکەمی دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند کە تاران هیچ وڵامێکی دروستی بە پرسیارەکانی ئاژانس سەبارەت بە دۆزینەوەی ئورانیۆم لە سێ شوێنی ئێراندا نەداوەتەوە.

مەبەستی گڕووسی، دۆزینەوەی ئورانیۆم لە وەرامین، مەریوان و تورقووزئابادە کە هیچ کات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگەیندراون.

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوو بە توندی ڕخنەیان لە ڕاپۆرتەکەی گڕووسی گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە قسەکانی بەڕیوەبەری ئاژانس مەبەستی سیاسی لە پشتیدایە و هیچ بنەمایەکی نییە.

هەروەها بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی کاردانەوەی توندیان لە ئەگەری پەسەندکردنی بڕیارنامەکە کردووە.

لە ئێستادا تەنیا چەند ڕۆژ زیاتر لە چوار مانگی دیکە بۆ بەسەرچوونی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت کات ماوە، بەڵام وێدەچێت کە پێش لە بەسەرچوونی ماوەی بڕیارنامەکە، "مێکانیزمی ماشە" لەلایەن وڵاتانی ئورووپایی بەشدار لە ڕێککەوتنی بەرجامەوە چالاک بکرێت.

٢٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ بە کۆتاییهاتنی کاتی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەم شۆرایە، هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان وێڕای هەموو گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دادەنرێتەوە.

وێدەچێت لە ئێستادا و بە پەسەندکردنی ئەم پێشنووسە، ڕێگە بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە تا چەند حەفتەی داهاتوو خۆش بکرێت.