
ڕێژێمی ئێران، بە فێڵ و بە پێدانی سیمکارتی خۆڕایی، هەوڵی چاوەدێری و کۆنترۆڵی خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە زانکۆکانی کوردستاندا، ڕێژیم بە فێڵ و کەڵەک و بە پێدانی سیمکارتی خۆڕایی کە ۳ گیگابایت ئینتێرنێتی خۆڕاییان لەگەڵە خەریکە سیستمی کۆنترۆڵ و چاوەدێریی مەترسیدار لە نێو زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتدا جێگیر دەکات.
ڕۆژی سێشەممە، ۲۰ جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە زانکۆی پەیام نووری شاری بانە، بەرپرسانی ئەمنییەتی زانکۆ و حەراسەت ویستوویانە سیمکارتێک و ۳ گیگابایت ئینترنت بەسەر خوێندکاراندا بڵاو بکەنەوە و بۆ ئەم کارە تەنیا کۆپییەکی کارتی میللیان لێ وەرگرتوون.
ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران ساڵانێکە خەریکی کونترۆڵ و چاوەدێریی نایاسایی بەسەر ژیانی خەڵک و بەتایبەت خوێندکارانە، بەڵام لەم ڕۆژانەدا لە چەند زانکۆیەکی ڕۆژهەڵات، لە هەوڵی جۆراجۆردا وەکوو پێدانی سیمکارتی خۆڕایی، کۆنترۆڵ و چاوەدێرییە سیخوڕییەکانی چڕتر کردووەتەوە.
هۆکاری ئەم پیلان و سیاسەتەی ڕێژیم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر لە سەرەتاوە زانکۆکان سەنگەری ئازادیخوازی و بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیم بوون و بەتایبەت لە کاتی ڕاپەڕینی ژیناداا زانکۆکانی کوردستان زیاتر لە جاران ئەم ڕاستییەیان سەلماند و بەم بۆنەوە ڕێژیم ترسێکی زۆری لە زانکۆ و خوێندکاران هەیە.