
لە دۆخێکدا کە نەخۆشخانەکانی سەرتاسەری ئێران لەگەڵ کەمیی کەرەستە پزیشکییەکان بەرەوڕوون، جێگری زانستیی دەوڵەتی پزشکییان باسی لە هەناردەکردنی کەرەستەی پزیشکی لە ئێرانەوە بۆ ٦٠ وڵاتی جیهان کردووە.
حوسێن ئەفشار بە ئاماژەکردن بە هەناردەکردنی کەرەستە پزیشکییەکانی ئێران بۆ ٦٠ وڵاتی جیهان و جەختکردنەوە لەسەر ئامادەیی بۆ هەڵسەنگاندنی کوالێتیی کەرەستەکان، ئیدعای ئەوەی کرد کە ئێران یەکێک لە هەناردەکارانی جیدیی کەرەستە پزیشکییەکان لە ناوچەکەیە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە کەمتر لە یەک ساڵ پێش، محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری بێهداشتی ڕێژیم هۆشداری دابوو کە سڕینەوەی ئەرزی تەرجیحیی کەرەستە پزیشکییەکان، کەمبوونی کاڵا پێویستەکانی نەخۆشخانەکانی بەدواوە بووە.
ئەم ئیدعایەی جێگر زانستیی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە نەخۆشەکانی سەرتاسەری ئێران، بەتایبەت لە ناوچە بێبەشکراوەکان، لەگەڵ کەمیی جیددی لە دابینکردنی کەرەستە گرینگەکانی وەکوو دەزگای دیالیز، مانیتۆرە پزیشکییەکان و کەرەستەی نەشتەرگەری بەرەوڕوون و زۆربەی نەخۆشخانەکان، بە هۆی تێکچوون یان نەبوونی کەرەستەی پێویست ناتوانن بە شێوەی پێویست خزمەتگوازری ئەنجام بدەن.
لەلایەکی دیکەوە، مێهدی پیرساڵحی، بەرپرسی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان، لە پیشانگای ئێران هێڵس ١٤٠٤، ڕایگەیاندووە کە زۆربەی کۆمپانیاکانی کەرەستە پزیشکییە نێوخۆییەکان دەرگیری قەیرانی ئابووری، کەمبوونی نەختینەیی و کێشە لە هاوردەکردنی کەرەستەکانن.
ناوبراو ڕاشکاوانە جەختی کردووەتەوە کە بە بێ پشتیوانیی بانکی، بیمەیی و سیاسەتدانانی ئەزریی پێویست، ئەگەری درێژەدان بە بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی کوالێتی بوونی نییە.
لە دۆخێکی وەهادا، بەردەوامیی ئیدعاکانی هەناردەکردنی کەرەستەی پزیشکی، زیاتر لەوەی کە نیشانەی هێز بێت، نیشانەی گرینگینەدان بە ڕاستییەکان و هەوڵدان بۆ سەرپۆش دانان بەسەر قەیرانە نێوخۆییەکانە.