
ئاکامی پێداگریی خامنەیی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی!
عەلی بەهرامی
رۆژی ١٤ی جۆزەردان خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە یادی مەرگی خومەینی دامەزرێنەری ڕێژیمدا وتارێکی دا. خامنەیی لەو وتارەیدا لە کاردانەوە بە پێشنیاری نوێی ئامریکا بۆ چارەسەری پرسی ناوکیی ڕێژیمەکەی هەڵوێستی گرت و لەگەڵ دژایەتی ئەو پێشنیارە، پێداگریی لەسەر گرینگی پیشەسازی ناوکی و پێویستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە نێوخۆی ئێران کردەوە.
ناوبراو گوتی: ئەم پیشەسازییە (ناوکی) تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی برق نیە، بەڵکوو لە باری پزیشکی، کشتوکاڵ، هەوافەزا و تیێکنۆلۆژی دەقیق بە کار دەهێندرێ، هەروەها لە پێوەندیی پیشەسازی ناوکی کۆمەڵێک قسەی ناتەبا و هەڵەوێژی کرد کە لە درێژەدا پەنجەیان لەسەر دادەنێین.
خامنەیی لە پێوەندی بە گرینگیی پیشەسازی ناوکی گوتی: پیشەسازیی ناوکی دایکی پیشەسازییەکانە، ئەم پیشەسازییە کاریگەریی لەسەر ڕەهەندە زانستییە جیاجیاکانی وەک تیکنۆلۆژی دەقیق و هەستیاری وەکوو کەرەستەی پزیشکی، هەوافەزا، سێنسۆر (حسگر)ی دەقیق، ئێلێکترۆنیک هەیە. لە درێژەدا گوتی زانستی بنەڕەتی و موهەندیسی وەکوو فیزیکی ناوکی، موهەندیسی وزە، موهەندیسی ماک (مواد)، بەکارهێنان لە باری پزیشکی و دەرمانی، لە پیشەسازیی ناوکی کاریگەریی وەردەگرن.
وەلی فەقیهی ڕێژیم لە کاتێکدا پیشەسازیی ناوکی بە دایکی پیشەسازییەکان دەناسێنێ کە لە ئەدەبیاتی پەرەپێدانی پیشەسازیدا، پیشەسازیی دایک بەو پیشەسازییانە دەگوترێ کە سەرچاوە و هۆی پەرەپێدانی پیشەسازی و بەرهەمەکانن وەکوو پیشەسازیی پۆڵا، وزە، پێترۆشیمی و ئێلێکترۆنیک. بەڵام پیشەسازیی ناوکی بە دیاریکراوی لە پەرەپێدانی پیشەسازیی پزیشکی (ڕادیۆتراپی، وێنەگرتنەوەی پزیشکی)، وزەی خاوێن (دامەزراوەی ناوکی)، پیشەسازیی بۆشایی (فەزایی)، سێنسۆری دەقیق، فیزیک، موهەندیسی ماک (مواد) و شیمی تیشک دا، دەوری هەیە. هەروەها لە وڵاتانی پێشکەوتوویش پیشەسازی ناوکی وەکوو پیشەسازی دایک ناناسرێ. لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە پێچەوانەی فوولاد، نەوت و تەزووی برق، پیشەسازیی ناوکی لە ڕیزی پیشەسازی پێشکەتووی چەند مەبەستە دەناسرێ، بەڵام وەکوو ژێرخانی بنەڕەتی و زەرووریی ئابووری و پیشەسازیی وەڵات سەیر ناکرێ هەتا وەک پیشەسازیی دایک پێناسە بکرێ.
هەر پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکی خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئیشارەی بەوە دا کە وزەی ناوکی بەبێ پیتاندنی ئۆرانیۆم، شتێکی بێ کەڵکە. ئەوە لە کاتێکدایە ناوبراو هەر لەم وتارەیدا بەرنامەی ناوکی بە گرینگ و وەک پیشەسازیی دایک پێناسە دەکرد، کە دەتوانێ کارایی چەند مەبەستەی هەبێ. ناتەبایی و هەڵەوێژی لە قسەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە بە کارهێنانی بەرنامەی ناوکی بۆ مەبەستی پزیشکی، کشتوکاڵ، موهەندیسی ماک (مواد) و بارەکانی دیکە لە ڕاستیدا پێویست بە پیتاندنی ئۆرانیۆم ناکا و دەتوانێ بەبێ پیتاندنی ئۆرانیۆم بە شێوە باوەکان بە کار بهێندرێ. هەر لەو چوارچێوەدا بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەک کانادا، کورەی باشوور، سوئێد، سوئیس، فینلاند، بلژیک و ئوسترالیا بەبێ پشتبەستن بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەرنامەی ناوکی خۆیان بەڕێوەدەبەن و هەندێ لەو وڵاتانەی ناویان هێندرا ئۆرانیۆمیش هەناردە دەکەن.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ بەرنامەی ناوکی پێویستی بە سووتەمەنی هەیە و ئەگەر لە ناوخۆ سووتەمەنیی دامەزراوە ناوکییەکانمان دابین نەکەین دەبێ بۆ ئامریکا دەست پان کەینەوە کە ئەوکاتە ئەگەری هەیە بۆ دابین کردنی سووتەمەنی دەیان شەرت و مەرجمان بۆ دانێن. خامنەیی لەم قسەیشیدا ڕاست ناکا چوونکە دابینکردنی سووتەنی ناوکی وەکوو نەوت و گاز لە بازاڕێکی نێونەتەوەییدا کڕێن و فرۆشتنی پێ دەکرێ کە بەشی زۆری سەرچاوەکانی سووتەمەنی ناوکی لە فەرانسە، ڕووسیە و کۆنسێرسیۆمی ئوروەپا (ئاڵمان، بریتانیا و هۆلەند) دابین دەکرێ. وڵاتگەلێکی وەکوو کۆرەی باشوور، فینلاند، مەجارستان و... سووتەمەنیی دامەزراوە ناوکیەکانیان لەو سەرچاوانە دابین دەکەن، بەبێ ئەوەی ئاسایشی نەتەوەیی یان سەربەخۆیی پیشەسازییان بکەوێتە مەترسییەوە.
هەر لەو بارەوە دەکرێ ئیشارە بە ڕێککەوتنێکی خودی ڕێژیمی ئێران و دامەزراوەیەکی ئارژانتینی لە ساڵی ١٩٨٧ز بکرێ کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئارژانتین ١١٥.٨ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی ١٩.٧ لەسەد پیتێندراوی لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی تەحویل بە ڕێژیم دا و سالی ١٩٩٣ لە ڕێئاکتۆری تارانەوە بە کار هێندرا کە ئەمەیش نموونەیەکە لە دابینکردنی سووتەمەنی ناوکی لە سەرچاوە غەیرە ئامریکاییەکانە بەبێ ئەوەی پێویست بە پیتاندنی نێوخۆییش بکات.
پێداگرییەکانی خامنەیی بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە ناوکییەکان و توانای پێتاندنی ئۆرانیۆم لە ناوخۆ لە کاتێکدایە کە ڕێژیم تەنیا لە بنکەی ناوکی بووشێهر توانای پیتاندنی هەیە و هاوکات لەگەڵ پێداگرییەکەی خامنەیی، عەلی ئەکبەری ساڵحی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکی ڕێژیم، ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی لە ناوخۆی وەڵات توانای پیتاندنی ئۆرانیۆمان هەیە بەڵام ڕووسیە هەتا ئێستا ڕێگەی نەداوە ئەو سووتەمەنییە بۆ بنکەی بووشێهر بەکار بهێندرێ و تەئکیدی کردەوە کە ئەو سووتەمەنییەی لە نێوخۆی ئێران دابین کراوە تەنیا دەتوانرێ لە ڕێئاکتۆرەکاندا کەڵکی لێ وەرگیرێ.
خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا ئیشارە بە لایەنە زانستی و پیشەسازییەکانی بەرنامەی ناوکی دەکا و پێداگری لەسەر بەرنامەی ناوکی و توانای پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران دەکاتەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئیشارە بەو ڕاستییە دەکا کە ڕێژیم لە وەدەست هێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیکە و لەو پێناوەیشدا دوور لە چاوی ئاژانس و بە نهێنی هەوڵی جیددی داوە. کە وایە خامنەیی لە ژێر ناوی بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمی، دەیەوێ فێل و چاوبەست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.
لە بەرامبەردا ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردان سکرتێری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا گوتی: ئاژانس ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ زەڕاتی ئۆرانیۆمی لە ناوەندەکانی مەریوان، وەرامین و تورقوزئاباد کە پێشتر ڕانەگەیەندرابوو، دۆزیوەتەوە و ئێمە بەدوای ڕوونکردنەوە و شەفافسازی تاران لەو بارەوەین.
رافائێل گروسی لە درێژەدا گوتی: بەداخەوە ئێران یان وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانس ناداوەتەوە یان وەڵامەکانی جێ متمانە و قەبووڵکراو نین و هەوڵی داوە ئەو شوێنانەی ناویان هاتوە، پاکسازی بکات و ئەوەیش کارەکانی ئاژانسی پەک خستووە. ناوبراو هەر لەو بارەوە گوتی: ئاژانس دڵنیایە هەتا پێش دەیەی ٢٠٠٠ لەو شوێنانە کاری پیتاندن و تاقیکردنەوەی ناوکی ڕانەگەیەندراو ئەنجام دراوەو ئەو مەوادەی لەوێدا کاری لەسەر کراوە، لە چالاکی ناوکیدا کەڵکی لێوەرگیراوە.
لەو بارەوە ئامریکا و ٣ وەڵاتی ئورووپایی (فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان) لە هەوڵی ئەوەدان لە شۆرای حوکامی ئاژانس بڕیارنامەیەک دژ بە ڕێژیمی ئێران پەسەند بکرێ کە ئەو وڵاتە لە دوای ٢٠ سال پێبەندی بەڵێنە ناوکیەکانی نەبووە. هەر بۆیە چاوەڕێ دەکرێ لەدوای پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامە پەروەندەی ناوکی ڕێژیمی ئیران ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش بکرێتەوە و سێ وەڵاتی ئوروپایی مەکانیزمی ماشە وەگەرخەن و فشارە سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتیەکان بەسەر ڕێژیمدا بسەپێندرێ.
بەپێی پێداگرییەکانی خامنەیی وەلی فەقیهی ڕێژیم لەسەر پیتاندنی ئۆرانیۆم لە نێوخۆی ئێران لەلایەک و لەلایەکی دیکە پێداگریی ئامریکا لەسەر ئەوەی ڕێگە بە ڕێژیم نەدرێ پیتاندنی ئۆرانیۆم لە نێو خاکی ئێران ئەنجام بدا، دەری دەخات ڕێژیم و ئامریکا ١٨٠ دەرەجە لێک دوورن و شکستی وتووێژەکان زۆر بەهێزە. لە وەها حاڵێکدا هاوتەریب لەگەڵ فشارە نێودەڵەتییەکان، پەلاماری سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ڕێژیمە دوور نیە و ئەگەرێکی نزیکە.