کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەریاچەیەک کە هاوار دەکات

22:09 - 21 جۆزەردان 2725

دەریاچەیەک کە هاوار دەکات

(چاوخشاندنێک لە کتێبێکی دیکۆمێنتاری و شۆککەر سەبارەت بە کارەساتی ورمێ)

ڕەحیم نزهت زادە

-  لە دونیایەکدا کە سروشت ڕۆژانە گۆشەیەکی خۆی لەدەست دەدات، کتێبێکی قووڵ و ڕاستگۆیانە سەبارەت بە گۆلی ورمێ، وەک ئاوێنەیەکی تەواو، واقیعی تاڵی پشتگوێخستنی ئێمە بە زەوی، برجستە دەكات.

نووسەر لەم بەرهەمە دەوڵەمەندەدا، وێنەیەکی ڕوون بەڵام بە ئازار، لە پرۆسەی وشکبوونەوەی یەکێک لە گەورەترین دەریاچە خوێییەکانی جیهان دەخاتە ڕوو. کتێبەکە لە ڕوانگەی زانستی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە، بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانەکە، بەرپرسانی ئەو قەیرانە و لێکەوتەی مرۆیی و سروشتییەکانی دەکات.

- ورمێ؛ ڕابردوویەکی شکۆمەند، ئێستایەکی بەرەو لە ناوچون

لە بەشی یەکەمدا، خوێنەر ئاشنا دەكات بە مێژوو، باری بایۆلۆژی و ڕۆڵی ژیانی دەریاچەی ورمێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی كوردستان. نووسەر هۆشداری دەدات لەوەی، ئەم ئاوە تەنیا دەریاچەیەک نییە، بەڵکو بەشێکە لە شوناس، کەشوهەوا و هیوای بەکۆمەڵی خەڵکی ئەو خاکە.

- کارەساتێکی مرۆیی، نەک تەنها سروشتی

لە بەشی دووەمدا، کتێبەکە بە دیدێكی بەڵگەدارانە، باس لە هۆکارەکانی قەیرانەكە دەکات: دروستکردنی دەیان بەنداوی بەرفراوان، کشتوکاڵی بێ پرەنسیپ، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەرچاوە ژێرزەمینییەکان و نەبوونی ستراتیژییەکی نیشتمانی. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە وشکبوونەوەی دەریاچەکە دەرئەنجامی تووڕەیی سروشت نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کردەوەکانی خودی مرۆڤەكانە.

- ئازاری خەڵک، ئاوێنەی دەریاچە

یەکێک لە بەشە گرنگەکانی کتێبەکە بەشی سێیەمە، کە تێیدا لە لێکەوتە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی قەیرانەکە دەکۆڵرێتەوە. هەر لە کۆچی گوندنشینەکان، لەناوچوونی ژیانی کشتوکاڵی، زیادبوونی هەژاری، نەخۆشیەکانی هەناسەدان و پچڕانی شانە کۆمەڵایەتییەکان، هەتا هەستی لەبیرچوونەوە و توڕەیی خامۆشی خەڵکی ناوچەکە.

-  چارەسەر بۆ نۆژەنکردنەوە

کتێبەکە بە خستنەڕووی ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان، لەوانەش دەریای ئاراڵ و ڕووباری کۆلۆرادۆ، ڕێگەچارە بۆ نۆژەنکردنەوەی گۆلی ورمێ پێشنیار دەکات: کەمکردنەوەی ڕووبەری ژێرخانی چاندن، بەکارهێنانی ئاودێری مۆدێرن، ڕاگرتنی دروستکردنی بەنداوی وێرانکەر، گۆڕینی ڕوانگەی بەڕێوەبردن و بەشداریی ڕاستەقینەی خەڵک.

 -ورمێ؛ هێمای قەیرانێکی نیشتمانی

لە بەشی کۆتاییدا، گۆلی ورمێ نەک تەنیا وەک پرسێکی ناوخۆیی، بەڵکو وەک هێمای قەیرانی گەشەسەندنی ناپایەدار لە ئێراندا دەخرێتەڕوو. ئەگەر ئەمڕۆ لە بەرامبەر ورمێ بێباک و بێ هەست بمێنینەوە، سبەی ناچار دەبین ماتەمینی بۆ بەختەگان/بختگان و دیكە سەرچاوە سروشتییەکانی ئێران دابنێین.

ئەم کتێبە هاوارێکی ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانەیە بۆ ڕزگارکردنی سروشت. ڕزگارکردنی ورمێ تەنیا ڕزگارکردنی دەریاچەیەک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و زەوی؛ پەیوەندییەک کە ئەگەر پشتگوێ بخرێت، داهاتوومان دەخاتە مەترسییەوە.

 -پێشنیار

ئەگەر سروشت زمانێكی هەبوایە، چی دەگوت؟! ڕەنگە ئەم كتێبە دەنگی ئەو بێت.

خوێندنەوە و ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە هەنگاوێکی بچووک بەڵام کاریگەرە بەرەو بەئاگاهاتنەوەی بەکۆمەڵمان.

"بختگان" ناوی دەریاچەیەكە لە  پارێزگای فارس، لە دووای دەریاچەی ورمێ دووهەم دەریاچەی ئێرانە

هامون ناوی دەریاچەیەكە لە پارێزگای سیستان بوچستان، كە لە دووای  دەریاچەی ورمێ  و بختگان، سێیەم دەریاچەی گەورەی ئێرانە.